هەڤاڵەکەم

نامەیەک بۆ هەڤاڵێک لە شام
از کتاب:
دیوانی عوسمان عوزێری
اثر:
عثمان عوزیری (1936-1966)
 3 دقیقه  309 مشاهده
هەڤاڵ گیان، ئا ئەم کوردستانەمان
ئەم خاکە جوانە و نیشتمانەمان
ئێمەی تێکڕایی گرتۆتە باوەش
گۆشی کردووین بە خوێناوی گەش
بۆیە وا پشتاوپشتمان دلێرین
هەمیشە ئێمەی کورد شۆڕشگێڕین
نابەزین سەرمان دانانەوێنین
کۆڵ نادەین هەتا مافمان ئەستێنین
زنجیر و کۆت و کەلەپچەی دوژمن
هەڵواسین، لێدان، بڕین و کوشتن
ڕێگای خەباتمان لێ بزر ناکات
ئەگەر ئاگری دنیا بەرپا کات
وەک گەڵاڕێزان هەموو هەڵوەرین
قەت تەرکی ناکەین هەر کوردپەروەرین
کۆڵ نادەین لەڕێی کوردا ناخەوین
دڵنیاین کەوا هەر سەر ئەکەوین
مێژووی خوێناویی ئەم کوردستانە
شایەتی ڕاستی تێکۆشانمانە
هەڤاڵ گیان، تەنیا تۆ نیت بێناز بیت
لەجێی سۆزی کورد پێت بڵێن تۆ چیت؟
هەر تۆ نیت کەوا لە تامی ژیان
لە خۆشەویستییی خاکی کوردستان
بە زۆر نامۆییت پێ بکەن بە زۆر
لەبەری باخی خۆت قەت هیچ نەخۆر!
تۆ خاوەنی ئەم خاک و خۆڵە بی
تۆ بی هەڵگری ئا ئەم کۆڵە بی
کە تێبکۆشی بۆ ڕزگاریی ئەو
هەوڵی بۆ بدەی بە ڕۆژ و بە شەو
زۆردارێک دوژمن بە گیان و ژینت
زیادکەری داخ و ئێش و برینت
وەک هەڵۆ بێتە سەر نیشتمانت
هێرش بەرێتە سەر هۆی ژیانت
کوولەکەی ڕۆحت بە زۆر بشکێنێت
تاکوو بەتەنیا هەر خۆی بمێنێ
سامان و بەروبوومی هەڵلووشێ
لە خواردنیشا پەنجەی بڕووشێ
داخی دڵی خۆی بە کورد ئەڕێژێ
بۆی بلوێ خوێنی گشتمان ئەچێژێ
ناهێڵێ تاقمان وتە ببێژێ
بە زیندوویەتی گشتمان ئەنێژێ
بەڵام گەلی کورد بە کەس نافەوتێ
بۆ ڕزگاریی خۆی هیچ کات ناسرەوێ
دڵنیایە هەر ئەبێ سەر بکەوێ
هەتا دنیاش بێ سەری نانەوێ
ئەو کارە قەڵبەی ئیمپریالیستان
لە مێژووی کوردا بووەتە داستان
کەوا بوون بەهۆی پارچە پارچەیی
بۆ بەرژەوەندی بەبێ بەزەیی
هەر لەتیان دایە دەست نۆکەرێکیان
نەتەوەی کوردیش دوور بێت لە ژیان
ژیان هەر مانای زیندوویی نییە
کە سەربەست نەژیت ژینت بۆ چییە؟
کەواتە ئەوە ئیسپاتە تەواو
ئەو پارچە پارچەی ئەبینین بە چاو
دەستکردی دەستی داگیرکەرانە
کوردستان هەر یەک پارچەیە گیانە
هەڤاڵ گیان، ئەوەش بخەرە بەر چاو
بیگەیەنەرە ساوا و پیر و لاو
گەلی کورد دۆستی هەموو گەلانە
برای گەلانی ئاشتیخوازانە
دوژمنی تێکڕا ئیمپریالیستە
. . . . . . . . . .متن نامشخص
مێژووی میللەتان شایەتی کوردە
کە پشتاوپشتی نەبەرد و کوردە
هیچ کات بۆ چاکیی کاری دوژمنان
بۆ ئیمپریالیست یان بۆ خوێنمژان
کاری نەکردووە و دوور بووە لەوە
بەڵکوو لە دژیان هەر بۆ پێشەوە
سنگی داوەتە بەر گوللە و شەست تیر
بۆ فەوتاندنیان بە ڕا و بە تەگبیر
هەرگیزاوهەرگیز هەر تێکۆشانە
لە دژی دوژمن کۆڵی نەداوە
مێژووی گەلانی ڕووی ئەم جیهانە
شایەتی ڕاستی گەلەکەمانە