من و سوورەگوڵ
از کتاب:
دیوانی عوسمان عوزێری
اثر:
عثمان عوزیری (1936-1966)
3 دقیقه
595 مشاهده
ئەی گوڵی سووری شێوە خوێناوی
بۆچی ئەتبینم وا بێهەناوی؟
هەمیشە گەڵا چرچ و هەڵوەریو
کز و داماویت بەوێنەی هەتیو
ئایا تۆ کە بۆنخۆش و نازداری
یادگاری دەستی گەورە و هەژاری
هەموو کەس مەستە بە بۆنی خۆشت
بۆ شێوەی سووری گەشی خامۆشت
کیژان ئەتخەنە سەر گۆی سەرسینە
جوانیی تۆ دووقات بۆیان نەخشینە
سەرپێچی ئافرەت لە کوردەواری
بە تۆ ڕەنگینە، بۆچی خەمباری؟
تو ئەو یەزدانەی کە وای لێکردی
گەر وەڵام نەدەی بە دەستوبردی
چونکە ئاوارە و وچانم نییە
حەز ئەکەم بڵێم دەردەکەت چییە
هەروەها سەودای دەردەدارانم
هاوەڵی مات و لێو بەبارانم!
وەڵامی گوڵ
ئەی برای کوردی بە خۆت نەزانیو
خۆشی لە دڵی هۆزا قەت نەدیو
مەپرسە بۆچی کز و داماوم
بۆچی وەک هەتیو نییە هەناوم
مادام سوێندت دام بە خوای گەورە
وەڵامت ئەدەم هەر چەندە جەورە
من خۆ لە ئازەل سوورەگوڵ نەبووم
یاری ئاوازەی هیچ بولبول نەبووم
تۆزە خۆڵێک بووم لە کوردستانا
لەژێر درەخت و بەفری کوێستانا
زستانان بەفر جوان ئەیپاراستم
هاوینان شەماڵ خۆشیی ئەخواستم
بەڵام ئەژدادت لەسەر نیشتمان
خۆیان بەخت ئەکرد دایم بێوچان
هیچ دەربەست نەبوون بۆ خواردنی نان
وەک ئێستا هەوڵیان نەبوو بۆ گیرفان
هەموویان سەربەست وەکوو نەڕەشێر
دەنگیان ئەدا گشت ئازا و دلێر
گەر بهاتایە و پێی پیسی دوژمن
بکەوتایە سەر تۆسقاڵەکەی من
هەموویان سنگیان قەڵغان و چەک بوو
دەستیان بەرامبەر وەکوو کوتەک بوو
جاری وا هەبوو لە شەڕی بەتین
ئەکەوتنە سەر یەک لاشەیان چینچین
خوێنی ناو لەشیان بەوێنەی لافاو
ئەڕژایە سەر من زۆرترین لە ئاو
منیش کە ئاوم بە خوێنە درا
چەشتم خوێناوی خاوەن و برا
سەوز بووم لەگەڵ سووریی ئەو خوێنە
نیشانەی سوورم تۆڵەستێنە
بۆیە هاتمە دەر کە لەبەر چاو بم
لەسەر ڕێی خێڵ و لاوانی ناو بم
بۆ ئەوەی کاتێ هاتنە ئەو ناوە
بێتەوە یادتان خوێنە و ڕژاوە
خوێنی جگەری باوک و باپیرتان
ئیتر کوردینە خۆتان و شیرتان
هەرچەند خۆم نواند وەکوو ئاڵای سوور
ئەشەکامەوە بە ئاوات لە دوور
بەڵام داخەکەم تا ئێستا هەروا
کەس نییە مافی سووریم دەربخا
منیش لەتاوا هەر بە دڵپەستی
تا بانگەوازی ڕۆژی سەربەستی
هەروا مەلوول و مات و داماوم
وەکوو خاوەنم دیلی ناو داوم
ئێوەش گەر ئازان مەپرسن لە دەرد
کاتی کۆششە ئەی هۆزی نەبەرد
وەک باو و باپیرتان هەر بە هاشاوڵ
بۆ نیشتمانتان ببنە یاساوڵ
بمگەشێننەوە بە مێژووی مادی
بمکەن بە گوڵی ڕۆژی ئازادی