دڵ پەرێشانە

از کتاب:
دیوانی عوسمان عوزێری
اثر:
عثمان عوزیری (1936-1966)
 1 دقیقه  639 مشاهده
لەپێش چاومە پێکەنینەکەت
پرچی خورمایی و چاوە شینەکەت
دانی مرواری و لەرەی سینەکەت
لەنجەی کۆتری و ڕێ ڕۆینەکەت
گیانە نازانم هێزی ژیانم
چییە دەرمانم؟ بۆ دڵ و گیانم؟
لە یادم ناچێت هەتاکوو ماوم
هەتاکوو کاتێ ئەبڕێ هەناوم
لە غەرغەرەی مەرگ پێویستی ئاوم
هێشتا ئەو کاتە وای لەبەر چاوم
شێوەت ئەبینم ڕۆحی شیرینم
بۆت ماتەمینم بینایی و دینم
هەر تۆی ئاوازەی دڵەی ئاوارەم
هۆی شادی، خۆشی و ڕوونیی گلارەم
ئەگەر تۆ نەبی دەردی بێچارەم
هەمدیسان ئەبڕێ پەتی پەژارەم
کەواتە گیانە مەگرە بەهانە
جەرگم بوریانە دڵ پەرێشانە
تکایە گیانە بە لەنجەی شیرین
تۆزێک وەرە لام دەم بە پێکەنین
با لە دڵ دەرکەین فرمێسکی غەمگین
ئیتر نەبینین شیوەن و گرین
جا لێوت بێنە خەم بڕەوێنە
لیکت هەنگوینە بۆ دڵ بەتینە