هەست و مەبەست

از کتاب:
ئاشنایی و ڕۆشنایی
اثر:
علی عارف آقا (1910-1996)
 2 دقیقه  361 مشاهده
ئەم جۆرە شیعرە کەوا ئەیخوێنی
ناوم لێناوە بە هەست و مەبەست
لە لێکدانەوە گەر دانەمێنی
مەبەست ئەبینی لە چۆنییەتی هەست
***
ڕێوی کە هات و کلکی ڕاوەشان
نیشانی ئەدا کە زۆر ئازایە
ماریش لەسەر خاک کە دیت خۆی خشان
دیارە کە ژاری لەناو دەمایە
***
مەیمون لاسایی خەڵک ئەکاتەوە
کەوا خۆراکی باشی پێ بدەن
کەری بەسەزمان تاس ئەیباتەوە
لە ترسی ئەوەی باری لێ نەکەن
***
بولبول لەناو باخ بە سۆز ئەخوێنێ
دڵداریی گوڵی وا لە دڵدایە
پەروانەش کەوا خۆی ئەسووتێنێ
گیان فیداکاری شەوقی چرایە
***
ئەوەی کە وا تۆ ئەکا سەرزەنشت
خۆیشی ئەو کارەی هەر پێکراوە
ئەوەش خەنجەری گرتۆتە ناو مشت
نووکە خەنجەری هەر لێدراوە
***
دز کە لە ماڵان دێ دزی ئەکا
یاخو برسییە یا ڕەش و ڕووتە
ئەو بازرگانەی فێڵبازی ئەکا
یا لێقەوماوە وە یا نابووتە
***
ئەوەی لە کەسان ئەکا هەڕەشە
هەموو سەرمایەی خۆ هەڵکێشانە
لە ژینا تەختەی بەختەکەی ڕەشە
دڵی پڕ غەمە و سەری پڕ ژانە
***
ڕاوچی بێهونەر کە ئەچێ بۆ ڕاو
گەلێک بە زیرەک خۆی نیشان ئەدا
گەر ئاسکی دی لە کەناری ئاو
تازە چەقۆکەی لە هەسان ئەدا
***
ئەو دەوڵەمەندەی دەستی قووچاوە
چاوی زۆر کزە لە ئاستی چاکە
لەدنیای ڕێزدا بەشی نەماوە
هەرچی پێ بڵێن ئەڵێ قەیناکە
***
ئەو پزیشکانەی کە تەماعکارن
قەت گوێ نادەنە چاکبوونی نەخۆش
دیارە لای خەڵکی هەر نادیارن
لە مرۆڤایتی ئەژین لەسەر بۆش
***
کەسێک بۆ تاڵان هات و چۆیەتی
ناوی بە پیسی ئەکەوێتە ناو
مەزبەلەی مێژوو جێگای خۆیەتی
تەماشای ئەکرێ وەک سەگی گڵاو
***
هەر زەلامت دی مەڵێ دلێرە
لە هەموو هەورێ باران نابارێ
زۆر چاوساغ هەیە لە عەقڵ کوێرە
کەوا پەینابا بە هیچ کردارێ
***
ئەوەی بۆ پارە جەرگی پارەیە
گەر هەوڵ بدا ئەگاتە ئاوات
بەڵام تەمەڵە یا بێکارەیە
ئەژی بە پەستی بۆ سواڵ و خەڵات
***
ئەو جاشەکەرەی کەوا ئەزەڕێ
لە هەرێز و گیا تێری خواردووە
ئەو توولەسەگەش کەوا ئەوەڕێ
زۆری برسێتی وای لێکردووە