ڕەوشتی خراپی نالەبارێک

از کتاب:
ئاشنایی و ڕۆشنایی
اثر:
علی عارف آقا (1910-1996)
 1 دقیقه  360 مشاهده
دارێکی چاکەی قەت نەڕواندووە
کە چی ئەیبینی هەردەم ماندووە
سەر و چاویشی هەر ترش و تاڵە
ئەڵێی معاشیان لێفڕاندووە
دە پاکەت سیگار ئەدا بە دووکەڵ
چل پیاڵە چاشی هەڵقوڕاندووە
هەندێ جار ماتە بێ دەنگ و وتار
هەندێ جاری تر زۆر نەزاندووە
لەگەڵ جنێودا زۆر ئاشنایە
بەرگی چاکبێژی زوو دڕاندووە
دڕک ئەچێنێ لە ڕێی خەڵکیا
سەری لە ئایین کەم لەقاندووە
ناحەز بە گەل و خەمی خۆیەتی
لەبۆ بێگانە خۆی تراندووە
پارە قەرز ئەکا کە نایداتەوە
بەرهەمی ڕاستی هەڵوەراندووە
خزمایەتی لای سووک و بێنەرخە
شووشەی دڵپاکی تێکشکاندووە
مرۆڤی وەها مانی زیانە
گەرچی زیندووشە خۆی مراندووە
کۆشکی زۆر بەرزی کرداری چاکەی
بە پاچی بەدی هەڵوەشاندووە