سەرخۆش نییە

از کتاب:
ئاشنایی و ڕۆشنایی
اثر:
علی عارف آقا (1910-1996)
 1 دقیقه  387 مشاهده
هەموو مەستێ سەرخۆش نییە
هەر نوستوویەک بێهۆش نییە
هەیە مەستی دەستی غەمە
بۆ بادە قەت خامۆش نییە
هەیە مەستی عەشقی یارە
کرداری پەست و بۆش نییە
هەرچی ناڵاندی بە درۆ
ساختەچییە و نەخۆش نییە
هەرچی ژنێ کە ڕووی خۆشە
بەڕێزە و خۆفرۆش نییە
هەرچی قسەی خوار و خێچ بوو
قەشمەرە بادەنۆش نییە
ئەوەی بە فێڵبازی ژیا
بۆ چاکی بە پەرۆش نییە
وا مەزانن وەجاخ کوێرە
ژن کە ڕۆڵەی لە کۆش نییە
خراپی ژن ناپۆشرێ
سڕپۆشی بە سەرپۆش نییە
جوانیی مرۆڤ بە ڕەوشتە
تەنها چاو و برۆش نییە
قومارباز و گاڵتەچییە
ئەوەی عەشقی بە جۆش نییە
ئەو زێڕەی کە دۆزرایەوە
هی من نییە هی تۆش نییە