ئەوەی پێکەنی

از کتاب:
ئاشنایی و ڕۆشنایی
اثر:
علی عارف آقا (1910-1996)
 1 دقیقه  336 مشاهده
ئەوەی پێکەنی بۆ یەک جریوە
پەڕی تاوسی دیارە نەدیوە
ئەوەی بێ هونەر کە خۆی هەڵکێشا
لە نەفامییا بێ شک چەقیوە
هەندێ کەس کەوا گۆرانی ئەڵێن
خۆیان بە خاوەن هونەر ناسیوە
ئەوەی بە شاعیر خۆی نیشان ئەدا
بە بێ توانا ڕێگەی بڕیوە
پیاوی سەرسەری سەرمایەی دەستی
کرداری پیسە و قیژە و قریوە
ئەو مەلەی کەوا ون ئەکا لانەی
پەست و بێ فەڕە غەڵەت فڕیوە
ئەوەی بە درۆ ژین بەسەر ئەبا
بەرگی ناپاکی بە ژین دڕیوە
ئەوەی کە ڕێگەی چاکی ون ئەکا
لە ناو تەویلەی ژینا بەزیوە
ئەو درەختەی وا بێ خێر و زڕ بێ
ئومێد ناکرێ لەو بەر و میوە
لاوی نالەبار باوکیشی مابێ
ناو و کرداری چەشنی هەتیوە
ئەو بازرگانەی بێ سەرمایە بێ
لە فێڵ و حیلە قازانجی دیوە
ئەوەی بەدبەختی دۆست و یاری بێ
تان و پۆی ژینی بە ژان تەنیوە