بە دەستی تۆ شکاوە

از کتاب:
ئاشنایی و ڕۆشنایی
اثر:
علی عارف آقا (1910-1996)
 1 دقیقه  554 مشاهده
وتم: دڵ وا بە دەستی تۆ شکاوە
وتی: ئەم واتەیە مۆدەی نەماوە
دڵێک وەک شووشە وا سووک و تەنک بێ
شەقی تێ هەڵدە تۆ هەر بیخە لاوە
وتم: ڕۆحم لە دەوری تۆ ئەسووڕێ
وتی: وا دیارە جێگەی لێ بڕاوە
کە ڕۆحێک هات و وا خوێڕی و گەڕۆک بوو
بڕۆ بیدە بە دەم باکەی سەباوە
وتم: وا لەسەر لەبەر ڕێبازی تۆدا
وتی: کەی سەر لە ڕێگا دانراوە؟
سەرێک وەک دار و بەرد و خشت و گڵ بێ
دیارە مەغز و هۆشی تیا نەماوە
وتم: سامان و ماڵم پێشکەشت بێ
وتی: مەیلم بە پارە و زێڕ نەداوە
ئەوەی بۆ ماڵی دنیا خۆفرۆشە
مرۆڤێکە کەوا سووک و گڵاوە
وتم: وەختە ژیانی من تەواو بێ
وتی: تۆ هەر ژیانت ناتەواوە
ئەوا عومرت لە حەفتا تێپەڕیوە
هەموو ئێسقانی ئەندامت سواوە
وتم: دیارە کە تۆ زۆر خوا نەناسی
کە ڕوویەک گیانە ناکەی لای خوداوە
ئەتۆش وا چرچ ئەبێ گۆنا و دەم و ڕووت
بۆ گاڵتە ئەتخەنە ناو سینەماوە