بەفر و سەرمایە

از کتاب:
ئاشنایی و ڕۆشنایی
اثر:
علی عارف آقا (1910-1996)
 1 دقیقه  451 مشاهده
بەم گەردەلوول و بەفر و سەرمایە
خەیاڵی ڕۆیین وا لە سەرمایە
لە کاروانسەرای بازاڕی غەمدا
سەرم زۆر قاڵە بە بێ سەرمایە
هۆشی دروست و بەرزی دڵداری
هەروا لە ناخی دڵەی گەرمایە
ئەو تیرەی نیگار کە بۆی هاویشتم
نووکە تیژەکەی لە جگەرمایە
تنۆکی خوێنی زاماکەی دەروون
ئێستا لە پێڵووی چاوی تەڕمایە
ئەو کراسەی یار بەخشیبووی بە من
هەتاکوو ئەمرم وا لەبەرمایە
خۆزگە بەو کەسەی خودا پێی داوە
شەو لە باخەڵی گەرم و نەرمایە
منیش لەجیاتی هاوسەر و هاودەم
سیسرک لە حەوش و ژوور و دەرمایە
وەهام بڕیارە شار بە جێ بێڵم
گەرچی سەد خەتەر لە سەفەرمایە