تێپەڕە

از کتاب:
ئاشنایی و ڕۆشنایی
اثر:
علی عارف آقا (1910-1996)
 2 دقیقه  686 مشاهده
یار وتی: من جوان و تۆ پیر و هەژاری تێپەڕە
من گوڵی باغی ژیان تۆ کۆلکەداری تێپەڕە
من وتم: قوربانە وا قوربان بە قوربانت ئەبم
ئەو وتی: بڕوام نییە تۆ نالەباری تێپەڕە
من وتم: هاتوومە لات هەر بۆ ئومێدی دیدەنی
ئەو وتی: لاچۆ بڕۆ کەی جان نیشاری تێپەڕە
من وتم: ئەو دوو هەنارەی بانی سینەت هی منە
ئەو وتی: کەی خاوەنی باغی هەناری تێپەڕە
من وتم: ئەو کوڵمە ساف و جوانە ماچێکی ئەوێ
ئەو وتی: بێشەرمی دیارە ڕێبواری تێپەڕە
من وتم: هاوڕازی تۆ بووم گیانی شیرین ساڵی پار
ئەو وتی: کەی بیرمە تۆ یاری پاری تێپەڕە
من وتم: میوانی من بە تاقە یەک شەو تا بەیان
ئەو وتی: هەی هەی ئەتۆ وەک ژاری ماری تێپەڕە
من وتم: توخوا قبووڵم کە بە کۆیلە و عەبدی خۆت
ئەو وتی: تۆ کەی بەهێزی ئیش و کاری تێپەڕە
من وتم: با بێم لەگەڵتا گیانە بۆ ئاوی دوکان
ئەو وتی: کابرا مەگەر تۆ شێت و هاری تێپەڕە
من وتم: پارەم هەیە پڕ قاسەیەک پێشکەش بە تۆ
ئەو وتی: کەی خاوەنی زێڕ و دیناری تێپەڕە
من وتم: زۆر دڵڕەقی دەرحەق بە من هەی خوانەناس
سا بڕۆ تۆ کەی لە جوانی بەهرەداری تێپەڕە
جوانی تر زۆرە کە پێشکەشیان بکەم من ئەم دڵەم
تۆ کەوا نایزانی هیچ قانونی یاری تێپەڕە