مەپرسە

از کتاب:
چەپکێ گوڵ و خونچە
اثر:
علی عارف آقا (1910-1996)
 1 دقیقه  357 مشاهده
مەپرسە لە حاڵی من مەپرسە
لە کات و ڕۆژ و ساڵی من مەپرسە
مەناسە تاکوو ماوی من مەناسە
لە باب و مام و خاڵی من مەپرسە
ئەوا تۆ دیارە زۆر شیرین و شۆخی
لە گیان و ژینی تاڵی من مەپرسە
وەکوو دێوانە لات و ڕووت و قوتم
لە بەرگ و خوان و ماڵی من مەپرسە
قسە و باسی وەفا دەرکە لەبیرت
لە یاری چاو کەژاڵی من مەپرسە
وتم با گەوهەریش بێ بەهایە
لە ئاوازە و خەیاڵی من مەپرسە
بە ناکامی بە ناشادی کە بمرم
لە ڕابوردووی بەتاڵی من مەپرسە