ئەی دڵ بۆ دائیم پڕ لە خەیاڵی

تازە بووکەکەی نازداری خوسرەو
از کتاب:
دیوانی لوتفی
اثر:
لطفی (1905-1989)
 1 دقیقه  500 مشاهده
ئەی دڵ بۆ دائیم پڕ لە خەیاڵی
ئەڵێی ئاشەوان ئاشی بەتاڵی
جەوری زەمانە هەر بۆ تۆ نییە
سەبەبی چییە هەر تۆ ئەناڵی
***
بۆچ خەیاڵ ناکەی بە ڕۆژ و بە شەو
لات وەکوو ژەهرە چ خواردن چ خەو
شیرینیش نەما فەرهادیش ڕۆیی
تازە بووکەکەی نازداری خوسرەو
***
بۆ چی نازانی ئازار دونیای دوون
جەرگی هەزاری وەک تۆی کردە خوون
بیری لێ بکەی بەشت هەر غەمە
چاو بدەرە سووڕ چەرخەکەی گەردوون
***
دونیا بۆ زۆر کەس پشتیوانی کرد
هەشت نۆ ڕۆژێکە ئەهات و ڕابورد
ئەویش بە میحنەت بە سزا ڕۆیی
لە ماڵەکەی خۆی هەر کفنی ئەبرد
***
بۆ مەرحەبایی دونیای بێ وەفا
یەک دوو ڕۆژ لەسەر ڕووی ئەرز و سەما
خۆت مەخەرە گێژ قوڕاوی بێ پەی
خۆت ڕوو زەرد مەکە لە مەیدانی خوا
***
هەرگیز تێک مەچۆ بە بوون و نەبوون
هەر دووکی ئەڕوا لەسەر دونیای ڕوون
هیچ نرخی نییە سەروەتی دونیا
ئەگەر ئاڵتوون بێ کێوی بێستوون
***
لوتفیتخلص دەردەکەت زوو بکە دەرمان
با لەم دواییە نەبی ماڵ وێران
زۆر خەیاڵ ئەکەی لە ئەتواری خۆت
با شێتیش نەبێ بکەویە کێوان