دەروونم پڕ خەم هەناسەم سوارە

از کتاب:
دیوانی لوتفی
اثر:
لطفی (1905-1989)
 1 دقیقه  335 مشاهده
دەروونم پڕ خەم هەناسەم سوارە
دۆست و ئەحبابم لە من بێزارە
ئەژنۆم ئەلەرزێ جەرگم بڕاوە
یەک زەڕە هێز و توانام نەماوە
هەر کاتێ زانیت قولاب لە جەرگم
ئەکەوێتە کار بۆ حاڵی مەرگم
ئەرز و ئاسمان ئەبن بە دەستار
من لە مابەینی بۆ خۆم سەد هاوار
کە حاڵی نەزعم هاتە کۆتایی
سەرچاوم ئەگرێ تەواو لێڵایی
گەر لەو کاتەدا بە قسەم کا زوبان
دەنگی هاوارم ئەگاتە ئاسمان
چوار پەلم ئەشکێ ئەکەوم بێ حاڵ
دەخیل بە دەرگات دا ناوی زولجەلال
هیچ پارە ناکا گریان و ناڵین
ئێمە هەموومان بۆ مردن ئەژین
بۆ خۆم بناڵم هەی خاکم بەسەر
بێ پشت و پەنا بێ سایە و سێبەر
بە غەفڵەت ڕۆیی عومری ڕابردووم
تازە بێدارم لە کردەوەی شووم
لوتفیتخلص زاری کە هەی خانە وێران
پێنج و دوو ڕۆژێ کە ماوە ژیان