مامە خلە سوارە لەسەر کەرێکی دێزە

از کتاب:
دیوانی لوتفی
اثر:
لطفی (1905-1989)
 1 دقیقه  297 مشاهده
مامە خلە سوارە لەسەر کەرێکی دێزە
مەعلوومە لە کەرەکەی خۆی زیاتر بەهێزە
هەگبەیەکی بچووکی وا لەبن دایە دیارە
بە عەقڵی من وەهایە هەگبەکەی پێ لە گوێزە
بەلا و نیوی سوار بووە کڵاوی داناوە لار
لە لای خۆی وایە عەینەن حاکمەکەی تەورێزە
جار بە جارێ بە لەقە لێی ئەخوڕێ بە توندی
ئەڵێی ڕۆستەمی زاڵە سوار بووە لە شەودێزە
کەوای چادر لەبەر کوڵەباڵێکی دڕاو
دەرپێی جاوە مەعلووم کراس ساغ و بیزە
کە دێتە سەر گفتوگۆ ئەوەن توند و مەغروورە
وەکوو تفەنگە ڕەشکە دەرمانی دەرمانی لەسەر تێزە
جەستەی تەرتیب دراوە بە ئەنواعی حەماقەت
لە دوو دونیا بێ خەبەر لەگەڵ کەری ئامێزە
وا ئەزانی کەس نییە لەژێر ئاسمانی خوا
کە مەجلیس بگری خۆی و فاتەی ژنی بە ڕێزە
لوتفیتخلص ئەگەر پێی بڵێی ڕێگەی حەق و عەداڵەت
وەک ماری مانگی نیسان حازر و شەڕەنگێزە