گەرچی خۆم ڕووت و ڕەزیلم دڵ هەوای جاران ئەکا

از کتاب:
دیوانی لوتفی
اثر:
لطفی (1905-1989)
 1 دقیقه  571 مشاهده
گەرچی خۆم ڕووت و ڕەزیلم دڵ هەوای جاران ئەکا
هەر وەکوو ئەووەڵ لە شەوقە ئارەزووی سەیران ئەکا
گەرچی زۆر پیر و زویرە تاقەتی حاڵی نییە
ئیدعای قورب و ویساڵی وەسڵی ڕووی جانان ئەکا
وا لە دەشتا کەوتووە بێ ناز و لەشی پڕ زبڵ و خۆڵ
فکری بازاڕ و ئوتێل و قەیسەری شاران ئەکا
پیری داری دایە دەستی پای کە دوو بوو بۆتە سێ
گەرچی حاڵیشی وەهایە ئارەزووی گەڕان ئەکا
وا لە توێی کراسی خام و کێچ ئەسپێدا ڕەزیل
باسی چۆغەی لاجیوەرد و فاسۆنی جەڕمان ئەکا
خۆی لە سەحرایێکی بێ ئاو کەوتووە مات و مەلوول
ئیدعای ئاوی شەت و باغ و گوڵ و ڕێحان ئەکا
شەش گەزی چاوی نییە لە موڵک و سەروەت ئەی هەژار
سەرگوزەشتەی بەرگی چین و ئارمۆش و کەتان ئەکا
هەر بە مسکینیش ئەگەر لێرە نەبێ جێگەی نییە
داخەکەم لافی ئەمیری شاری کرماشان ئەکا
تەعقیبی ڕێگەی عەقڵ کە لوتفیتخلص تا کەی وا عەزاب
باری بێ عەقڵی گرانە خەڵقی بێ سامان ئەکا