دیسان چ ڕۆژە لە دەورانی من

گوڵی مەهجەبین
از کتاب:
دیوانی لوتفی
اثر:
لطفی (1905-1989)
 2 دقیقه  609 مشاهده
دیسان چ ڕۆژە لە دەورانی من
ئەشک بە خوڕ دێ لە چاوانی من
دیسان لەبەرچی دڵم پڕ دەردە
ئاهی دەروونم هەناسەم سەردە
دیسان گیراوە شەش دەری نەردم
دیسان گیرۆدەی هەزاران دەردم
دیسان چ باسە و چیم لێ قەوماوە
بەندی جەرگی من لەت لەت کراوە
دیسان لە جەورە دڵەی پڕ دەردم
بۆ ئێش و خەفەت بۆ ڕەنگی زەردم
دیسان هەورەکەی میحنەت بەبای غەم
باری بە سەرما مەینەت و ماتەم
دیسان لێم بۆتە منداڵی شیر خۆر
ورک ئەگری لێم ڕۆژێ بە سەد جۆر
دیسان ئاوارەی دەشت و چیا بم
لە شین و زاری لە واوەیلا بم
دیسان باری غەم کەوتە سەر شانم
کولاوە ڕامی دڵەی بوریانم
دیسان زامەکەی کۆنم هاتە سۆ
بۆ بەدی بەختم کەوتە هات و چۆ
دیسان گیرۆدەی عەشقی لەیلا بوو
دووچاری هەزار دەرد و بەڵا بوو
دیسان ڕووی کردە هەردە و کۆهەسار
مات و پەشێوە لە دووری دڵدار
دیسان چاوی کەوت بە گوڵی مەهجەبین
کەوتە زایەڵە و هاوار و ناڵین
ڕووی ڕووناکی یار کە لێی بەدەر کەوت
بڵێسەی هەڵسا وەک ئاگر و نەوت
بە تیری ئەبرۆی دولبەری خوێن خوار
زامم هاتە ئێش وەکوو گەستەی مار
بە داوی زولفی شیرینی زەمان
دەست و پێ و عەقڵ گشت لە کۆت دران
لوتفیتخلص باڵای یار بۆت بوو بە سەد دەرد
لە گریەی دەروون هەناسانی سەرد