خودا پەنام دەی لە شەڕ و بەڵا
از کتاب:
دیوانی لوتفی
اثر:
لطفی (1905-1989)
1 دقیقه
434 مشاهده
خودا پەنام دەی لە شەڕ و بەڵا
دووچارم نەکەی وەک شای کەربەلا
دەورانێ گەلێ سەخڵەت و تووشە
ڕەحمێ بە حاڵم نەمکەی موبتەلا
***
ئەم عومرە هەمووی خەم و بێزاری
ڕۆژ و شەو پڕە لە گیانە هاری
خۆشی و شادی گەلێ کەم بووە
لە هەموو لاوە مەینەت و زاری
***
ئەو غەدەرەی کە وا دەکرێ ئەمڕۆ
خەڵکی خستووەتە ناو شین و ڕۆڕۆ
ڕوو لە کوێ دەکەی شین و فیغانە
هەروەک دەورانی ڕۆم و هۆلاکۆ
***
هەرچەن هەوڵ ئەدەی نییە ڕووناکی
ژیانی هەمووی دەرد و خەمناکی
شادی هەر نییە نە زۆر و نە کەم
دەورێکە پڕ لە جەور و ناپاکی
***
چەن پیاوی گەورەی ژیر و هۆشیار
گیرۆدەی جەنگی چەرخی ڕۆژگار
کەس لێی ناپرسێ بۆ وا داماوی
دەستەو یەخەیە ناو دەرد و ئازار
***
بگرە و بەردەیە و هەرکە و بۆ خۆیە
ڕوو لە کوێ دەکەی هەر باوکە ڕۆیە
هەرچی دەبینی دووچاری خەمە
ئەم خەڵکە غەرقی ناو شین و ڕۆیە
***
لوتفیتخلص تۆ پشتت بەستە بەباری
چونکە لای ئەوە چارە و تیماری
پەنا گەر هەبێ هەر پەنای ئەوە
دەرگای ئەو بگرە ئەگەر هۆشیاری