کوردە تۆ بۆ چی وا لێت شێواوە
از کتاب:
دیوانی لوتفی
اثر:
لطفی (1905-1989)
2 دقیقه
517 مشاهده
کوردە تۆ بۆ چی وا لێت شێواوە
بۆ دەرگای شادیت لێ داخراوە
کوردە تۆ بۆ چی دائیم ڕەنگ زەردی
هەردەم خەمگین و هەناسە سەردی
کوردە تۆ بۆ چی وا پەشۆکاوی
وەک گوڵی بێ ئاو سیس و ژاکاوی
کوردە تۆ بۆ چی دائیم لە خەمدای
لە بەرگی سیای شین و ماتەمدای
کوردە تۆ بۆ چی دەردت گرانە
تەنها دەردی تۆ بە بێ دەرمانە
کوردە تۆ بۆ چی دیلی ڕۆژگاری
بێ شەوق و زینەت لە خۆت بێزاری
کوردە تۆ بۆ چی دائیم ژێردەسی
بێ پشت و پەنا بێ هیز بێ کەسی
کوردە تۆ بۆ چی هەربەش خوراوی
لە ناو خاکی خۆت بۆ دەرکراوی
وەڵامم دەوە دەردم گرانە
دڵ بۆ بێ کەسیت زۆر پەریشانە
وەڵامی داوە کوردی خاک بەسەر
لە چی ئەپرسی لە حاڵ بێ خەبەر
چیت بۆ شەرح کەم لە حاڵی کوردان
بە کاغەز و قەڵەم نایێتە بەیان
ئەمە چەن ساڵە لادێی و شاری من
وێرانە بە دەس بەدکاری دوژمن
تۆ سەیری بکە شاخی کوردستان
لە هەموو لاوە ئاگر تێبەردان
لەم خاکە نییە یەک بستە شوێنێ
کە ئاو نەدرابێ بە قەترە خوێنێ
ڕوو لەکوێ ئەکەی شین و گریانە
بارخانەی خەفەت لەوێ میوانە
لە هیچ جێگەیێ شادی نەماوە
سەیری کێ ئەکەی دڵ پڕ خوێناوە
لوتفیتخلص هەتا کەی هەر شیوەن ئەکەی
دەستی دەخالەت بۆلای کی ئەبەی