دڵە تۆ دائیم بۆچ وا بێ هۆشی

کوا سەلاحەدین
از کتاب:
دیوانی لوتفی
اثر:
لطفی (1905-1989)
 2 دقیقه  465 مشاهده
دڵە تۆ دائیم بۆچ وا بێ هۆشی
بۆ چی عەوداڵی بۆچ تێ ئەکۆشی
بۆ چی ڕەنگەکەت دائیم وا زەردە
بۆ چی دەروونت وا پڕ لە دەردە
بۆ چی شێواوی بۆچ پەشۆکاوی
وەک گوڵی بێ ئاو هەڵبزرکاوی
بۆ چی وێڵ بویتە لە دەشت و کۆسار
بۆچ ڕۆژی ڕوونت بۆتە شەوی تار
بۆ چی بۆ تەماع وا هەر بەتاوی
بۆچ وا گێژ و وێژ شێت و شێواوی
بۆچ سەیرێ ناکەی لە ئەرز و ئاسمان
بۆچ فکرێ ناکەی لە کەون و مەکان
بۆچ ئەوەن خەریک نیعمەتی دونیای
بۆچ ئەوەن موشتاق بازاڕی فەنای
بۆچ ئەوەن ئومێد سەمەری دونیای
بۆچ ئەوەن دائیم لە ڕەج و جەفای
چاوت هەڵبڕە سەیری دونیا کە
سەیری کردەوەی زاتی خودا کە
هەرچی کە هەیە لە زۆر هەتا کەم
گشتی ڕا ئەکا لە بوون بۆ عەدەم
هەرچی کۆ ئەکەی بۆ بەجیمانە
حەسرەتە بۆ تۆ ماڵت وێرانە
دڵە سەیری کە ئاساری قەدیم
لەمەو پێش شاهان وزەرا و نەدیم
کوا سەلاحەدین خاوەن ڕوتبە و شان
کوانێ نادر شاهـ کوانێ کەریم خان
کوا ئەسەفەندیار چی لێهات ڕوستەم
کوا ئەفراسیاب کوا سفرەی حاتەم
کوانی کەیخوسرەو کوانی کەیقوباد
کوا ناڵەی مەجنوون کوا سۆزی فەرهاد
کوا جێگە و ڕێگە کوا خان و مانیان
کوانێ خزمەتکار کوا ئاش و نانیان
یەک یەک ئەجەل بە بەر پاڵی دان
بۆ ژێر ئەم خاکە ڕەوانە کران
غەم و خەفەتی زۆریان جێماوە
لە هەر دوو دونیا ماڵیان ڕووخاوە
هەتا هەژاری فیکری خوات زۆرە
لەبەر کە کەوا ڕەشە یا بۆرە
نانت گەر وشکە و ئەگەر شۆربایە
ئەمەش چەن ڕۆژە ڕوو لە فەنایە
شوکری خودا کە بە ڕۆژ و بە شەو
بۆ ماڵی دونیا مەکە شین و کەو
لوتفیتخلص ڕجا کە هەتاکوو ماوی
چەندی کرژ ئەکرێ ئەتوو هەر خاوی