کوردە نازانی کە چی ڕووی داوە
از کتاب:
دیوانی لوتفی
اثر:
لطفی (1905-1989)
1 دقیقه
457 مشاهده
کوردە نازانی کە چی ڕووی داوە
دونیا بە جارێ چۆن شڵەژاوە
گەورە تا بچووک گشت دەردەدارە
هەر یەک بە جۆرێ بە غەم دووچارە
عەقڵ و شعوورت داخوا چۆن ماوە
فرمێسکی چاوت وەکوو خوێناوە؟
لە هەندێ جێگە بڵێسەی ئاگر
ئاگری زۆردار لە ئاگر زیاتر
لە هەندێ جێگە خوێن وەک لافاوە
چەن نەوجەوانان بەبێ گیان ماوە
ئەوەی هەژارە یەک جار خوراوە
بنیادی بێ ڕۆح بە پاوە ماوە
لە هەندێ جێگە هەر قوڕ پێوانە
مەلەک بۆ حاڵت وا لە گریانە
چەپۆکی دوژمن وەک تەرزەی بەهار
لە ەموو لاوە بۆ کوردی هەژار
دەخیل بە دەرگات ئەی خودای گەورە
پەنامان بدەی لەم چەرخ و دەورە
بە شەو عەزابی گورگی نادیار
بە ڕۆژ گیرۆدەی چەنگی سەگی هار
ڕێگەی ڕزگاری لە هیچ لا نییە
ئەی خودا هاوار چارەمان چییە
خۆت ڕەحمێ بکەی تەنیای فریاد ڕەس
چۆن بۆ بێکەسان هەر تۆمان هەی کەس
ڕەبی بۆ خاتر فەخری ئەنبیا
ڕزگارمان بکەی لە شۆمی سیا
لوتفیتخلص با بەس بێ گریانی بێ سوود
ڕازی بە تەقدیر خالیقی مەعبوود