دڵم پڕ بوە لە غەمی دونیا
از کتاب:
دیوانی لوتفی
اثر:
لطفی (1905-1989)
3 دقیقه
567 مشاهده
دڵم پڕ بوە لە غەمی دونیا
سەر خۆش ئەگەڕێم لە دەشت و چیا
نازانم بۆ چی وا بێ خەبەرم
بێ عەقڵ و بێ هۆش هەی خاک بەسەرم
هەر من بە تەنها وا پەریشانم
یا عالەم وەیە و ئەمن نازانم
عالەم خەوتووە کەس نییە بێدار
بێ هۆش لە ئەمری زاتی کردگار
دائیم خەریکن بە ئیشی دونیا
لە جووت و درە و گێرە و شەنەبا
ئیشی دەشت و شار خزمەت گا و کەر
عومری ناعەزیز ئەوا چووە سەر
چۆن لە ڕووتان دێ کە بچنە مەیدان
گفت و گۆ بکەن لەبەر پای دیوان
دەفتەری ئەعماڵ هەردوو بە جووتە
سەیئات پڕ خەت حەسەنات ڕووتە
سوئی زەن واقیع یەکجار خراپە
بەڵام لە داخان جەرگم کەبابە
من جومڵە زۆر کەس بۆ تەماع دنیا
یەک بۆ یەکتری بیری لێ ئەدا
چەندی خەلیفە و چەن چەن دەروێش چاک
بە ڕۆژ لە ئەرزدا بە شەو لە ئەفلاک
بە ڕیشی سپی و مێزەرەی بەیزا
لەبەر دەس (لادین) کەوتنە سەما
گشت بۆ شاهیدی وەک تیغی دەبان
لە پێش ئەسحابە ئەیان کرد جەولان
وەستاون تەمام عمووم بە قەتار
لەبەر دەس حاکم ئەکەن ئینتیزار
یەک ئەڵێ حاکم دەخیل ئەمانت
من قسە ناکەم خۆت و ویژدانت
یەک ئەڵێ حاکم من زۆر فەقیرم
ئەم عەردە ئیرسە بۆم لە باپیرم
یەک ئەڵێی حاکم قسە بێ سوودە
شاهید عەردی من دەروێش مەحموودە
وای دەروێش مەحموود دەخیلە ئامان
خۆت و یەکێ بووی لە ئەولیاکان
ڕاست بڵێی خودا زۆری پێ خۆشە
هەرچی ئەزانی هیچ دای مەپۆشە
وازم لێ بێنە بەرۆکم بەردە
ئەم عەردە عەردی ساڵحە کوردە
هیچ هی تۆ نییە من خۆم بە تەمام
شاهیدی بدەم بۆ قالەی زاوام
کوردە کوردینە مەکەن ئەمحاڵە
ئەم عەقڵە غایەت عەقڵی بەتاڵە
عەزیزی خوا کەس نایکا زەلیل
زەلیلی خوایش کەس نایکا جەلیل
هەر من بزانم چەن خاوەن ئەملاک
عموومی فەوتا گشت چوونە ژێر خاک
هی وەک ئەسکەندەر وەکوو سڵێمان
وەکوو کەیکاووس هەم نووشیروان
هی وەکوو دارا وەکوو کەیخوسرەو
کوا ئەفراسیاب کوا زاڵ پێش ڕەو
ئەمانە هەموو سەرپاکیان فەوتان
تەخت و تاجی وان خوا کردی وێران
فیرعەون و نەمروود شەداد و هامان
سەبەب بە سەروەت گشت بوون ماڵ وێران
تۆ ئەبێ چی بکەی داماوی هەژار
خاوەن کەرێک و دوو بزن و دوو کار
فاتە و خاتە دوو مەڕ و گایێ
ئەمانە هیچن هیچ بە کار نایێ
عەیبە بۆ ئێوە ئومەتی موختار
بێ دینی مەکەن بۆ جیفەی مردار
کردەوەی چاکە یەک تا بە حەوسەت
جەزای چاکەیە نیعمەتی بەهەشت
لوقمە نانێکە بۆ لات و هەژار
زۆری لا خۆشە زاتی کردگار
ئەگەر یەک سەعات زاهیر بن زەلیل
چی ماڵتان هەیە ئەیدەن بە بەرتیل
بەڵام گەر گیسکێ بدەن لە ڕێی خوا
لەو ناوچەیەدا ئەیکەن ئاشکرا
ئەوەنە ئەڵێن گیسکێ زۆر جوانە
تووکەکەی وەکوو ڕەشە ڕێحانە
خۆی قوڵە هەمس گوێکانی کورتە
چوار پەلی وەکوو کار ئاسکە ڕووتە
تا ئەی شۆنەوە بە ئاوی منەت
بە زایەع ئەڕوا بە بێ بەرەکەت
مزگەوت بێ حەسیر مەلا زۆر ڕووتە
دائیما ئەڵێی سەرە بزووتە
گەر دەستان بڕوا دونیا ئەسێنن
تووی ئاژاوە و نیفاق ئەچێنن
لوتفیتخلص کۆتا بێ نەزم و ئەشعارت
بۆ ئیمڕۆ سوودی نییە گوفتارت