ئەی دڵ دە هەڵسە زیکری خودا کە
موناجات
از کتاب:
دیوانی لوتفی
اثر:
لطفی (1905-1989)
2 دقیقه
734 مشاهده
ئەی دڵ دە هەڵسە زیکری خودا کە
بە ڕۆژ و بە شەو ڕوو لە مەولا کە
دامێنی شەرع بگرە بە دوو دەس
زیکری خوا بکە دائیم بە هەوەس
نەوەک بە سستی و بە دڵ گڕانی
نەوە وەک ناچار بە سوغرەزانی
عیبادەت بە دڵ نەکەی بۆ خودا
زۆر زەحمەتە خوا پاداشتت بدا
ئەگەر بۆ دونیا وە یا بۆ ڕیایی
هیلاکی کەی توو ئەڕوا خۆڕایی
یاڕەب بۆ خاتر شای فەخری عالەم
ببەخشە خەتام لە زۆر هەتا کەم
بیکە بە خاتر ئادەمی سەفی
حەزرەتی شیس و هەم نووحی نەبی
بۆ خاتری دانیال حەزرەتی یەعقووب
هوود و یوشەع و جەنابی ئەیووب
بۆ خاتری عیسا و حەزرەتی سالیح
نەفسی عاسی من بکەی بە سالیح
بۆ خاتری ئیسحاق لەگەڵ ئیبراهیم
نووری ئیمانم لەدڵ کەی قاییم
بۆ خاتری خدر لەگەڵ ئەسکەندەر
شین بۆ من خاسە هەی خاکم بەسەر
هەم بۆ خاتری عەزیز و تالووت
جەستەیی بێتین نەخۆش و نابووت
بۆ خاتری لوقمان لەگەڵ ئیسماعیل
خەستە و پەشێوم سەرکز و زەلیل
بە عەشقی یوسف هەم لەگەڵ شوعەیب
دەخاڵەت بەتۆ دانای سڕی غەیب
بە خوێنی یەحیا ەم بە زەکەریا
لە دەرگای ڕەحمەت نەبم ڕووسیا
هەم بۆ شەرەفی مووسا و هاروون
داود و سولەیمان ئەلیاس و شەمعوون
دیسان بۆخاتری ئەلیەسع و ئەسبات
ڕزگارم بکەی لە پردی سیرات
یاڕەب بۆخاتری یونس و ئیدریس
هەم بۆ شەرافەت حەزرەتی جەرجیس
دیسان بۆخاتری زولکیفل و عیمران
بە ناڵە و سۆزی پیرەکەی کەنعان
بە نووری ئیمان دڵم ڕووناک کەی
وەکوو ئاوێنە لە پیسی پاک کەی
هەم بۆ خاتری بابەکر و عومەر
عوسمان زونوورەین ئیمامی حەیدەر
هەم بۆ خاتری سەحابەی کیرام
لییان بێ ڕەحمەت خودای لا یەنام
هەم بۆ خاتری گشت پیاو چاکانت
ڕجام قەبووڵ کەی دەستم دامانت
بم بەخشە مەعلووم من غەرقی خەتام
ڕووزەرد و مەهتووک مەیدانی خودام
لوتفیتخلص تا ماوی بکە شین و زار
ڕوو بکە دەرگای زاتی کردگار