یاران دەردەکەم دەردێ گرانە
از کتاب:
دیوانی لوتفی
اثر:
لطفی (1905-1989)
2 دقیقه
592 مشاهده
یاران دەردەکەم دەردێ گرانە
بەشم هەمیشە شین و گریانە
سەیری دونیا کە چۆن شڵەژاوە
هەرکەس بە جۆرە دەردێ داماوە
هەندێ کەس هەیە وێڵ و سەرگەردان
داد و بێدای لە چەرخی زەمان
هەندێکیش هەیە بۆ حیرسی دونیا
هەر وەکوو سەرخۆش خۆی بە تاشادا
فەرموودەی ڕەسوڵ شاهی حەرەمەین
کە وەعدەی داوە ئەوانە ئێمەین
بەرگی برسیەتی خەفەت و ماتەم
پۆشییە بەرمان هەموو خاترجەم
ئەمەش نشیانەی غەزەبی خوایە
ڕەحمی ئیسلامەت لای کەس نەمایە
خوێنی هەزاران گەدا ئەڕێژێ
ئێسقانی ئەشکێ مێشکی ئەپژێ
گشت برای دینن ئەکتر ئەکووژن
بۆ جیفەی دونیا خوێن ئەک ئەمژن
لە یاد کەس نیە مەیدانی خودا
لە ڕۆژی حەشر چۆن وەڵام ئەدا
بۆ چی کوژراوی کوشتت لەسەرچی
چۆن وەڵام ئەدەی ئەوجا ئەڵێی چی
دەشت و کێوو شاخ بەخوێن بووە سوور
تێر گۆشت و ڕۆن بوو مەل و مار و مور
کەسێ کە دوو کەس لە ئەو بترسێ
لە ڕۆژی حیساب خوالێی ناپرسێ
جێگەی جەهەننەم زۆر باش بزانە
ئەویش فەرموودەی فەخری جیهانە
نە ڕۆژ نە سەعات نە دەقە و ئان
بزانە غەزەب ئەبارێ بۆمان
قەناعەت نەما ڕەحم نوقم بوو
ڕێگەی شەریعەت بە جارێ گوم بوو
بدعەت ڕوو ئەدا هەرڕۆژێ نەوعێ
سوونەتی ڕەسوڵ سا بۆ کوێ ئەچێ
بەسیەتی توخوا ئەرێ برا گیان
تۆزێ بیرکەوە چی دێتە سەرمان
دونیا هیچ نییە مەعلووم بێ لەلات
پێنج و دوو ڕۆژە هەر چۆن بێ ئەڕوات
بەسە هەتاکەی کردەوەی خراپ
ڕوو بکە خودا و هەم ڕێگە سەواب
لوتفیتخلص توو هەستە و خاک بەسەرداکە
لە جیاتی هەمووان شیوەن بەرپاکە