بارم گرانە قوناغم دوورە
از کتاب:
دیوانی لوتفی
اثر:
لطفی (1905-1989)
2 دقیقه
519 مشاهده
بارم گرانە قوناغم دوورە
بێ کەس و بێ دەس کارم زەروورە
دەخیل بە دەرگات پادشای جیهان
قەترەی ڕەحمەت بۆ من کەی ڕەوان
لە کونجی بێکەس تاریکی مەزار
لە حاڵی عالەم هەر تۆی ئاگەدار
ڕەبی بۆ خاتری ڕەسوولی سەروەر
هەم بۆ خاتری ئەنبیاکان یەک سەر
هەم بۆ خاتری ئەولیای کیرام
لە خۆشەویست و لە خاس و لە عام
دڵۆپێ ڕەحمەت لە بەحری ڕەحمان
ببەخشە یاڕەب بە دڵەی بوریان
تا کەی جورعەی جام مەینەت بنۆشم
تا کەی بەرگ سیای ئەزیزت پۆشم
تا کەی گرفتار دەردی غەریبی
تا کەی دەردەدار بەبێ تەبیبی
تا کەی هەر بە غەم ڕۆژگار بەرمە سەر
تا کەی شەرابم لە خوێنی جگەر
تا کەی بە سۆ بێ زامی دەروونم
تا کەی دڵ زامار دیدە پڕ خوونم
تا کەی حاڵ پەشێو زار و زویر بم
لەناو سوپای غەم تا کەی ئەسیر بم
تا کەی دڵەکەم پڕ لە خەیاڵ بێ
خەیاڵی لە لای وێرانە ماڵ بێ
هاوارە بۆ خۆم هاوار سەد هاوار
بێ خەبەر لە حاڵ دڵەی بریندار
بێ ئاگا لە خۆم بۆ حاڵی دەردم
بۆ گریە و زاری هەناسەی سەردم
لوتفیتخلص بناڵە بۆ ڕۆژی مردن
بۆ کزەی دەروون لە دونیای ڕۆشن