ئەی ئەسیری تەوق و قەیدی نەفسی بەدئەممارە خۆم
از کتاب:
دیوانی لوتفی
اثر:
لطفی (1905-1989)
2 دقیقه
847 مشاهده
ئەی ئەسیری تەوق و قەیدی نەفسی بەد ئەممارە خۆم
بێ کەس و بێ موونس و بێ هەمدەم و بێ غەمخوارە خۆم
دوور لە خزمان و وەتەن موڵکی عەشیرەت کەوتووم
ساکنی موڵکی غەریبیی بێ کەس و ئاوارە خۆم
ڕامبوارد عومری عەزیزم گشت لە کاری ناشیرین
ڕووسیاهـ و شەرمەزار و سەرکز و پەتیارە خۆم
دڵ وەکوو ڕاوچی لە دووای مامزی حیرس و تەمەع
ڕۆژ و شەو هەڵپە و بلۆفی دونیای عەززارە خۆم
کەوتە پێشم ڕێگەی دوور بێ تەدارک بێ ئەساس
بێ وڵاغ و بێ زەخیرە و زاد و پوول و پارە خۆم
قەد نەکەوتە فیکری من ڕۆژێ کە تۆ ئەمری و ئەڕۆی
وای کە بێ عەقڵ و شعوور و بێ نەوا و عارە خۆم
بێ ئەمەل ڕۆییم لە دونیا ڕەنج خەسار و دەس بەتاڵ
کردەوەی چاکەم نەکرد وای لە خۆم هەژارە خۆم
کەوتە پێشم ڕێی بیابان تەهلوکەی بێ نان و ئاو
وای غەریبی دەشتی مەحشەر، بێ کەس و بێ یارە خۆم
سواری ئەسپی جەهل بوومە، ڕوو لە شاخ و دەشت ئەکا
بێ لغاو و زین و ڕەشمە بێ دەس و هەوسارە خۆم
پێی شەل و قۆناغی دوور سەر جسری سیراتم ئەمن
کۆتەرەی نیوە سووتی قەعرەی جەحیم و نارە خۆم
تای تەرازووی لای گوناهم زۆر گرانە داخەکەم
ڕووڕەش و ڕیسوا لەبەر دەس سَيّدُالأبرارعربیە خۆم
دەس بە زنجیر و عەزاب گیرۆدەی دەستی مەلەک
ڕام ئەکێشن بۆ جەهەنەم ئەو جا زەهری مارە خۆم
دەستی یەئسم دانەناوە گەرچی ترسم زۆر هەیە
بۆ تەمای حۆری و بەهەشت و میوە و گوڵزارە خۆم
چونکە نەیداوە بە حەق دەرحەق بە ئەهلی تائیان
تەوبە بێ یا ڕەب تەمەننای تەوبەی یەکجارە خۆم
قەترەیە ڕەحمەت بڕێژە دەرحەقی بەندەی هەژار
بیکەیە باعیس ڕووناکی ئەم دڵەی ژەنگدارە خۆم
ڕۆژ و شەو ناڵەی دەروونم خەڵکی بێزار کردووە
یا ڕەسوولەڵڵا دەخیلەک ڕووڕەش و بێچارە خۆم
لوتفیتخلص غەرقی بەحری عوسیان تا بە کەی کردەی نەفام
دەس بەرە کەشتیی نەجات و هەر بڵێ هاوارە خۆم