گوڵ کە یاغی و دەم دڕاو بوو، کەوتە لاف و ڕەنگ و بۆی
از کتاب:
دیوانی نالی
اثر:
نالی (1800-1877)
2 دقیقه
3113 مشاهده
گوڵ کە یاغی و دەم دڕاو بوو، کەوتە لاف و ڕەنگ و بۆی
باغەبان گوێی گرت و، وا هێنای بە دەستی بەستە بۆی
ڕەنگی زەرد و سووری خەوف و خەجڵەتی، ئاوی حەیای
وا تکاو، ئەرجوو دەکەن عەفوی بکا وەک عەبدی خۆی
چونکە بێنی بێوەفایی و ناز و شۆخی لێ دەهات،
ناردییە بازاڕی ڕیسوایی کە بیدا شوست و شۆی
دەست بە دەست چوو تا گەیشتە دەستی عەتتاری سەفیهـ
نایە سەر نار و عەزابی ڕۆحی دا و سفت و سۆی
چونکە مەنشووری گوڵەندامی بە ناوی خۆی دەوێ
یار، ئەگەر لەو باغییانە کەس بمێنێ، عارە بۆی
مەهـ بە شەو هەڵدێ، پەنا دەگرێت و دەنوێتن بە ڕۆژ
دا بگاتە سیڕڕی پەچچەی پەرچەم و وەسفی برۆی
گەر بڵێم: شەمسی، دەڵێ: ئەو خۆش ڕووە بێپەردەیە
وەر بڵێم: سەروی، دەڵێ: ئەو ئەحمەقە کوا گفتوگۆی!
دیدە و دڵ هەردوو وا جۆبار و جۆیای قەددی تۆن
سەروی دڵجۆی عەرعەر و، دڵجۆی نەمامی دیدەجۆی
چونکە باوکی ڕۆمی و دایکی حەبەش بوو، ما بە بەین
ڕۆژ و شەو، کافوور و میسکی، ڕوو گەنم، خاڵ دەنکە جۆی
من گوتم: سەروی قەدت مەوزوونە، ئەو تەبعەم هەیە
ئەو گوتی: نالیتخلص بە میزابی کینایەتمان دەشۆی