بابەتی٤٥
ڕزگار بوونی بریندار و کوێر و نەخۆش بە یومنی فەڕی ئەو ﷺ
از کتاب:
بارانی ڕەحمەت
اثر:
ملا عبدالکریم مدرس (1901-2005)
2 دقیقه
919 مشاهده
هەر بە کەڕامەت شای ساحێب ئەمان
لوقمان مەشرەب بوو، بێ دەوا و دەرمان
چاوی قەتادەی موخلیسی ئەڕشەد
کەوتە سەر کوڵمی لە غەزای ئوحود
نایەوە جێگە و دەستی پیا هێنا
بوو بە چاوێکی بە دەرک و بینا
چاوانی «فودەیک» نابینا و زەلیل
تفی خۆی لێدان ڕەسوولی جەلیل
وا شتی ئەدی لە عومری هەشتا
تۆ ئەتوت فودەیک مناڵە هێشتا
بە تفی ئەو بوو سددیقی نازار
ڕزگار بوو لە سۆی ئێشی گەستی مار
بە تفی ئەو بوو حەیدەر لە خەیبەر
چاوی ڕزگار بوو لە ئێش و خەتەر
پێی ئەبوڕافیع شکا بە جەفا
دەستی پیا هێنا شای ساحێب سەفا
وا خۆشەوە بوو ئەتوت باش جەڕڕاح
هاتووەتە سەری بۆ جەبر و ئیسڵاح
ژنێکی داماو منداڵێکی بوو
کەچەڵ و لاواز، زۆر بێرەنگ و ڕوو
هێنایە پەنای سەییدی سەردار
بۆ ڕزگار بوونی لە زام و ئازار
دەستی نازاری هێنا بە سەرا
مناڵ ڕزگار بوو لە گشت ماجەرا
منداڵێکی شێت، بێحاڵ و بێهۆش
وێڵ و سەرگەردان، ناساغ و نەخۆش
دایکەکەی هێنای بۆ حوزووری ئەو
تا ڕزگار ببێ بە هیممەتی ئەو
دەستی خۆی دانا لەسەر سینەی ئەو
دوعای لەبۆ کرد شای ساحێب پڕتەو
بە مەیلی خودا گورج ڕشایەوە
ڕەنگی وەکوو گوڵ زوو گەشایەوە
بۆ خۆی ڕزگار بوو لە شێتی و ئازار
بە بەرەکەتی سەروەری نازار