بابەتی١٣

دەعوەت کردن بۆ دینی ئیسلام بە ئاشکرا
از کتاب:
بارانی ڕەحمەت
اثر:
ملا عبدالکریم مدرس (1901-2005)
 2 دقیقه  1110 مشاهده
نازڵ بوو «فَاصْدَعْ بِما تُؤْمَرُعربی»
ئەمری دەعوەت هات جەهری و ڕووبەڕوو
حەزرەت دەستی کرد بە دەعوەتی عام
بێ پەردە و پەنا بۆ دینی ئیسلام
ئینجا کافرەکان کەوتنە تەکان
بۆ ئەزیەت دانی موسوڵمانەکان
بە جنێو بە لێدان بە تانە و تەحقیر
بە بەهانەی پووچ بە مەکر و تەزویر
دوو ساڵ بەم ڕەنگە بە ڕۆژ و بە شەو
ئیسراحەت نەبوو مەگەر وەختی خەو
ساڵی پێنج ڕۆیشت، شەشەم کەوتە دەر
نیشانەی بەرزی ئیسلام کەوتە دەر
ساڵی شەشەم هات بۆ دەورەی نەبی
نیشانەی بەرزی ئیسلام هاتە دی
ئیمانی هێنا بە خودای ئەکبەر
میر حەمزەی دلێر مامی پێغەمبەر
هەم پاڕایەوە حەزرەتی سەروەر
کە ئیسلام ببێ یەک لە دوو عومەر
یا «ئەبولحەکەم» یا «ئیبنی خەتاب»
وەربگرن دین و ئەحکامی کیتاب
ئەو لەبەر حەسەد دەرچوو بە نائەهل
لە «بولحەکەم»ی بوو بە «ئەبووجەهل»
ئەم لەبەر شەرەف ڕووی کردە کەماڵ
گەڕا بە فارۆق بۆ حەق و بەتاڵ
سێ ڕۆژ پاش حەمزە نایل بوو بە دین
بە ئیمانی ئەو ئیسلام کەوتە تین
شیری خۆی هەڵگرت بە وێنەی مەردان
وتی کێ مەردە با بێتە مەیدان
هەتاکوو ژنی بێشوو بخەوێ
مناڵی وردی هەتیو بکەوێ
ئەوا من دەرچووم لە بت پەرستی
لە پڕ و پووچ و ڕەوشتی پەستی
هەرکەس هۆشی بێ و بڕوانێ تاوێ
ئەزانێ خودا شەریکی ناوێ
جا نەخوازەڵا بەردێکی بێدەنگ
بۆ خۆت بیتاشی بە نووکی قوڵەنگ
ئەگەر تۆ بۆ خۆت نەبی بە خێوی
پیا هەڵئەمیزێ چەقەڵ و ڕێوی
کە ئەمیانە بیست کوففاری مەککە
هەموو بە جارێ کەوتنە هەلەکە
بە وێنەی مەنجەڵ دڵیان هاتە جۆش
بۆ شەڕ و ئاشووب بوون بە زرێپۆش
ڕاسە هەر سەرێ بە هەوا چاخە
دەماخی وێنەی بەردی چەخماخە
پۆڵای حەقیقەت ئەگەر لێی بدا
بە هەموو لادا پرشنگ هەڵ ئەدا
ئاگری فەساد هەڵئەگیرسێنێ
تا تۆڵەی ناحەق لە حەق ئەستێنێ