ئەگەر من شێت نەبم ئاخر لە سەودای گوڵڕوخانم چی
از کتاب:
دیوانی شاهۆ
اثر:
شاهو (1882-1971)
3 دقیقه
634 مشاهده
ئەگەر من شێت نەبم ئاخر لە سەودای گوڵڕوخانم چی
لە ڕاوی چاوی جادووبازی شیرینی زەمانم چی
لە ناڵە و ئاهـ و مەهجووری، لە گریان و فوغانم چی
کە غەرقی بەحری دووری بم، لە ئوممێدی ژیانم چی
لە فیکر و غایلەی بێ فائیدەی سوود و زیانم چی
لە ساحەی بەزمی عەیشمدا سەدای ناڵین و هاوارە
لە سەیلی خوێنی دیدەم مەجلیسم ڕەنگینە گوڵزارە
ئەنیسم خەم، موغەننیم ناڵە، ساقیم چاوی بیمارە
سورشکم مەی، نەفەس سەمتوورە، سینەم ساز و دڵ تارە
لە دەنگی چەنگ و خۆش خوان و لە جیلوەی ساقیانم چی؟
سروشکم یەک بە شوێن یەکدا کە دێ وەک تاوە بارانە
هەموو سوور و سپی تێکەڵ میسالی دوڕ و مەرجانە
بەدوای هیجرەوە هۆنراونەوە، سوبحانە چەند جوانە!
لە دانەی ئەشکە من گرتوومەتۆ تەزبیحی سەددانە
لە ئاوی زەمزەم و تەزبیحی باغەی حاجیانم چی!
لە دووری شێوەکەی شیرینەوە ئەمڕۆ کە فەرهادم
لەسایەی عەشقەوە عالەم سەراسیمەن لە فەریادم
هەمیشە وێڵی کێوانم ئەوەندە خەمبار و ناشادم
لە کێوی پیرەمەگرووناعلام و سەگرمەی میحنەت و بادم
لە سەیری نازی شۆخی دیدە بازی بازیاناعلامم چی!
نییە مەیلم بە تار و نەی، هەوای ئاوازی چەنگ ناکەم
وەکوو دەروێشی ئەم دەوریشە خۆم شێت و دەبەنگ ناکەم
وەکوو سۆفیش بە مەکر و حیلە خۆم فێری جەفەنگ ناکەم
مەلام و ئەهلی تەقوام و بە مەی سەججادە ڕەنگ ناکەم
لە بادەی ساقی و قیژەی کچی نەرم و نیانم چی!
کە من بێ یار و بێ خەم خوار و بێ هەمدەم قەناعەت کەم
کە زامی دڵ بە ناسۆر بێت و بێ مەرهەم قەناعەت کەم
کە من دائیم بە بەرگی شیوەن و ماتەم قەناعەت کەم
لەبۆ باقی حەیاتم تا بە قووتی خەم قەناعەت کەم
لە قاژ و قیژی دەروێش و لە مرقەی سۆفیانم چی؟
کە من کوژراوی تیری نازی چاوی مەستی شەهلا بم
کە من زەنجیر کراوی داوی دوو زوڵفی چەلیپا بم
کە من سەرسامی چاو و پەرچەمی شێواوی لەیلا بم
کە من مەشغووڵی دەرسی خەت و خاڵی تورکی تەرسا بم
لە تەعلیمی مناڵی کوردی بێ نوتق و زوبانم چی!
لەتاو تەئسیری ئێش و نێشی بێ دەرمانی مەهجووری
لە گەرمی گرپە و لرپەی شەرارەی ئاگری دووری
لە زوعفی جەستەیی خەستەم بە دەردی سەختی ڕەنجووری
لەڕوویی ڕوومدا حوکمی نەما قانوونی مەسرووری
لە مەیلی مەکتەبی حوسن و جەماڵی ڕووسیانم چی
خەریک ماوم لەژێر ئەم گومبەدەی گەردوونی بێ باکا
سەراسیمەم لە گێژاو گێژی دەوری چەرخی ئەفلاکا
هەتا ئەم دەورە وا دوون بێ لە ئەم دونیایی خەمناکا
لیباسم تا پەڵاس و جاوی میحنەت بێ لە ئەم خاکا
لە تاقەی عوشرەت و شیرداخی عەیشی شامیانم چی!
وڵاتێ تاج و تەختی کەوتە دەس ئەوباش و نادانی
لەغاوی حوکمی ئەو قەومە درایە دەستی دوونانی
وڵاتێ بایەقوش تیا بوو بە سەردار و حوکمڕانی
سلێمانی کە خاڵی ما لە دێوانی سولەیمانی
لە عەیش و نۆشی بەزمی بێ نگینی قودسیانم چی!