ئەی ئاسەفی زەمانە لە پاتەختی شەهریار
وەرامی نامەی جەمال بابان لە بەغدا
از کتاب:
دیوانی شاهۆ
اثر:
شاهو (1882-1971)
2 دقیقه
507 مشاهده
ئەی ئاسەفی زەمانە لە پاتەختی شەهریار
وەی گەوهەری خەزێنەیی شاهانی تاجدار
ڕۆژت هەمیشە جەژن و شەوت ڕۆژ و بەختیار
بەد خواهی عومر و عیززەتی تۆ ڕۆژی تارومار
پشت و پەناهـ و ناسری تۆ ڕەببی لایەزال
بەختت بوڵند و پایەیی دادت بە ئیستیوار
سایەی بڵاوە بێ سێبەری خەیمەی عەداڵەتت
بەڵکوو بگاتە سەر سەری ئێمەش لە کۆهسار
جەژنانەیەک کە لایقی تەقدیمی ئێوە بێت
نیمە بە غەیری شیعری تەڕ و جوان و ئاودار
هەر جەوهەرم هەیە کە بە کار بێ ئەویش ئەوا
ئەمڕۆکە ساقیتە بە تەواوی لە ئیعتیبار
کەس نایەوێ بە پێسەیەک جینسی مەتاعی فەزڵ
بێ قیمەتە هونەر لەکن ئەبنایی ڕۆزگار
بۆ ئەم مەتاعە دوونە کە ئێستاکە من هەمە
دائیم لە حەسرەتام و پەرێشان و بێ قەرار
نەمزانی ناڕەواجە وەفا و داد و ڕاستی
دارایی ئەم سیفاتە ڕەزیلە و زەلیل و خوار
ئەربابی عیلم و حیلم و حەیا نامراد ئەبن
حیلە و درۆ و خەیانەتە ئەسبابی ئیعتیبار
ئوستادی من بە تفڵی ئەمانەی بە من نەخوێند
چی بکەم کە ئێستە زەحمەتە فێر بم بە ئیزتیرار
من هەر گلەم لە بەختی ڕەشی خۆمە، کەوکەبێ
گیراوە ڕەش بووە بە میسالی شەوانی تار
وەرنە لە ئێوە قەت گلە ناکەم کە شەخسی تۆ
کانی سەماحەتیت و بوزورگی و لوتفکار
ئەجدادی ئێوە کانی کەرەم بوون و بەحری جوود
بۆ ئێمە تۆیش لەوانەوە ماوی بە یادگار
داد و سەخا وەزیفەیی مەدرووسی ئێوەیە
حاشا کە ئێوە تەرکی بفەرموون بە ئیختیار
شاهۆ هەمیشە داعیە بۆ بەرزی جاهی تۆ
هەر چەند دڵی لە شیشەی غەمدایە موهرەوار