ئەی خوسرەوی خوبانی من تۆی درد و هەم دەرمانمی

از کتاب:
دیوانی شاهۆ
اثر:
شاهو (1882-1971)
 2 دقیقه  495 مشاهده
ئەی خوسرەوی خووبانی من! تۆی درد و هەم دەرمانمی
وەی ماهەکەی تابانی من، فێنکی دڵەی بوریانمی
گەر تۆ گوڵی من بوڵبوڵم، بۆ تۆ بریندارە دڵم
سا زوو کە! فورموو! ماتڵم، تۆ مەرهەمی زامانمی
باڵات وەکوو سەروی ڕەوان، بەدرێکە ڕووت پڕتەو فشان
عیشوەت وەکوو حۆری جینان، نازداری ڕۆح و گیانمی
تۆی شۆخەکەی شەککەر لەبم، موو سونبولی سێو غەبغەبم
دوو لێوی تۆ دارووی تەبم، دارووی تەبی هیجرانمی
قوربانی چاوی بازتم، شەیدای کریشمە و نازتم
دێوانەکەی بێ نازتم، تۆ لەیلەکەی دەورانمی
گوڵ غونچەکەی خۆشڕەنگ و بۆ، تیری خەدەنگی چاوی تۆ
زامی دڵی هێناومە سۆ، مەشغووڵی تیر بارانمی
سەحرایی سینەم پڕ لە شین، بۆ تۆ ئەناڵێنم حەزین
تۆیش ئەمدەیە بەر قار و قین، تاڵانکەری ئیمانمی
تا کەی لە وادی حیرەتا، بمرم لە داخ و حەسرەتا؟
ڕەحمێ کە سا بێ مروەتا! خۆت دافعی ئیحسانمی
زوڵفت بەسەر شانا بڵاو، چین چین و لوول و گرژ و خاو
ڕۆح و دڵی خستوومە داو، سەییادی بێ ئامانمی
خاڵ و خەت و موژگانی ڕەش، ئەبرۆی کەشیدەی وسمە کەش
بۆ ماهی ڕووت وا بوو بە نەقش، وەک دولبەری کەنعانمی
بەو لەعلی لێوی ئاڵەوە، بەو جووتە لیمۆی کاڵەوە
بەو قامەتی شمشاڵەوە، کەی بێ بڵێم میوانمی
تا کەی بە ناڵە و دەردەوە، وێڵ بم بە کێو و هەردەوە؟
تۆیش بەو دڵەی وەک بەردەوە، ناپرسی بۆ چ حەیرانمی؟
هەر کەس کە دەمبینێ بە چاو، جەرگی ئەسووتێ بۆم تەواو
تۆیش بەو دوو دیدەی مەستی خاو، هەر مایلی فەوتانمی
زامت لە دڵما کاریە، زووخاوی تێدا جاریە
هەرچی دەکەم بێ عاریە، لافاوی خوێن خنکانمی
تەنووری سینەم پڕ خرۆش، جەستەی وەها هێنامە جۆش
وک ئاگرێ بەر بێ لە پووش، سەر تا بە پێ سووتانمی