کوردی مەرد ئەمڕۆ کە ڕۆژی جیلوە و جەولانتە

از کتاب:
دیوانی شاهۆ
اثر:
شاهو (1882-1971)
 2 دقیقه  734 مشاهده
کوردی مەرد! ئەمڕۆ کە ڕۆژی جیلوە و جەولانتە
دەست و پێ ئازادە وەختی هاتنی میدانتە
ڕاپەڕێ سا بێرە مەیدان! با بەسی بێ نۆکەری
تووڕی دە ئەو بارە قورسە وا لەسەر دوو شانتە!
کۆت و زنجیری ئەسارەت پاڕە کە وەک شێری نەڕ!
دایکی داماوی وەتەن وا چاوەڕێی هەستانتە
دەس دەرە شێری زەمان و خەنجەری تیژی قەڵەم
حەق تەلەب کە! حەق هەمیشە پشت و پشتیوانتە
ماڵ و میراتت بە ناحەق وا بەدەس بێگانەوە
چۆن ڕەوات دیوە کە خەڵقی هاوبەش و هاوخوانتە؟
نیشتمانی باوک و باپیرت کە کانی گەوهەرە
بۆ چی جێی سمکۆڵی ئەسپ و هێستری جیرانتە؟
بێ ڕەزا و بێ حوکمی شەرع و مەحکەمەی ویجدانی پاک
دا بزانم چۆن بڕا ماڵت بەوەی میوانتە؟!
خەڵقی خوار و ژوور و دەورت چۆن وەها بێ شەرم و ڕوو
پێی درێژ کێشا بەسەرتا و ساحیبی، فەرمانتە
یەک کەون یەکتر بناسن کوردە! با بەس پاش کەون
یەک نەناسین و جیایی واسیتەی فەوتانتە
بێ ئەوەی یەکتر بناسن مەبنە زیددی یەکتری!
دوژمنی ناوخۆ بزانە خەیری هاوسێکانتە
ماڵی کورد هی کوردە شاهۆتخلص! مافی شەرعی خۆیەتی
نادرێ هەرگیز بەوانەی دوژمنی خێزانتە