یا خوا هیچ کەس وەکوو من شێت و ماڵ وێران نەبێ

از کتاب:
دیوانی شاهۆ
اثر:
شاهو (1882-1971)
 1 دقیقه  1180 مشاهده
یا خوا هیچ کەس وەکوو من شێت و ماڵ وێران نەبێ
عاجز و مات و پەشێو و دیدە پڕ گریان نەبێ
خوێنی گەش ئەڕوا لە ئەندامم ئەوەند پێکرام بە تیر
کافریش جەستەی وەکوو من کون کونی تیران نەبێ
ئاگری تێ چوو دەروونم وەختە ببمە کۆی زوخاڵ
دوژمنیشم وا دەروونی سۆختە و بوریان نەبێ
بۆ پڕووزی جەرگ و دوودی ئاهـ و ناڵە و شیوەنم
عالەمی پڕ کرد، ئیلاهی! کەس وەها ناڵان نەبێ
دەردی بێ دەرمانی من زەحمەت شیفای بۆ بێ ئەبەد
یا خودا هیچ کەس وەکوو من دەردی بێ دەرمان نەبێ
مردم و چۆقەی ڕەشم کرد تۆزێ ڕەحمی پێم نەهات
هیچ کەسێ یا ڕەب وەها بەدبەخت و سەرگەردان نەبێ
کوشتمی ئاخر بە نووکی نێشی شومشێر و برۆی
ئەرمەنیش وەک من نەچیری شۆخی بێ ئامان نەبێ
بەسیە! بەس شیوەن کە شایقتخلص ڕۆژی دیوانی خودا
موشکلێ نامێنێ لەو ڕۆژا کە وا ئاسان نەبێ