من بە حەفتا ساڵەوە کەوتوومە داوی ئاسکێ
از کتاب:
دیوانی ئەوڕەحمان بەگی بابان
اثر:
عبدالرحمان بیگ بابان (1880-1967)
2 دقیقه
1256 مشاهده
من بە حەفتا ساڵەوە کەوتوومە داوی ئاسکێ
چاو غەزاڵێ، وردە خاڵێ بەژن و باڵا ناسکێ
ئەو بە حەڤدە ساڵەوە وەک دار گوڵی تازە و تەڕە
دڵ فڕێنە، دڵ ستێنە، دڵ شکێنە، دولبەرە
من وەکوو بەرگی خەزان لەرزۆک و پەژموردە و هەژار
ئەو وەکوو تۆپی گوڵی تازە و تەڕی فەسڵی بەهار
زولفی چین چینی ڕەشی پەخشە لە سەر سەفحەی بلوور
موعجیزەی شۆخی نەبێ چۆن جووت ئەبێ زوڵمات و نوور
دوو شەمامەی نازکی خستۆتە سەر سینگ و یەخەی
پێم ئەڵێ هێشتاکوو تاڵە و کاڵە، دەستی لێ نەخەی
وەک دوو غونچەی پڕ نەزاکەت، تازە پشکوتوو گەشە
تۆ بە دەستە چرچەکەت ڕاوەستە جارێ مەیگوشە
ئەو کچەی تەرسا نەژادەی کافرەی عیسا دەمە
کوشتنی زۆرە بەڵام ئیحیای شەهیدانی کەمە
غەمزەکەی ڕۆحی درێنام لێوی: پێی بەخشیمەوە
ئاسمان جێگەی مەسیحە من لە ئەرزا دیمەوە
گەردنی بەرزی شەهێنی، غەبغەبی نارنجی ئاڵ
لێوی یاقووتی، ڕوخی گوڵ ڕەنگ و غەمزەی چاوی کاڵ
نەک بە تەنیا هەر منی شەیدا و ڕیسوا کردووە
شۆڕشی سەد مەحشەری عوششاقی بەرپا کردووە
ڕامی کەس نابێ غەزالم سڵ لە دانە و داو ئەکا
ڕاوی چۆن ئەکرێ کە خۆی ڕۆژی دووسەد دڵ ڕاو ئەکا
بۆ ئەوەی داوێنی بگرم بابەتخلص ئەچمە ڕێگەباز
هەر کە دیمی دەس دەکاتە لاتریسکە و وردە ناز