هەموو عالەمتە پابەند و لە دامان

از کتاب:
دیوانی مەحوی
اثر:
محوی (1836-1906)
 1 دقیقه  2869 مشاهده
هەموو عالەمتە پابەند و لە دامان
کە چی دەستی کەست ناگاتە دامان
دوهاتی ئەورۆپا وەک ئەهلی دێهات
لە چارەی دەردی عیشقا جوملە دامان
برا! مەردم دەوێ عەقڵی نەلەنگێ
بە لەنجەی ناز و عیشوەی نەو نەمامان
لەگەڵ زانت دەکەویە کۆشی دنیا
سبەی قاتیلتە، ئەمرۆ بۆتە مامان
سەر و سامانمت پرسی، مەپرسە!
سەری تۆ خۆش، نە سەر ماوە نە سامان
غورووری حوسنە فیرعەونی بە تۆ دا
ڕەقیبی سەگ بە چی بوو بوو بە هامان؟!
لە دنیا دا وەکوو منداڵی ناکام
بە ناکامی دەچن دنیا بە کامان
بەهانە مەگرە، لەو جامانە جامێ
کەرەم کە، ساقیا، بگرە ڕجامان
بە کولفەت ئەو، بە ئولفەت ئەم گرفتار
وەکوو یەک زاهید و مەحویتخلص لە دامان