ئەی وەتەن کوانێ نەسیمی سوبحی عەنبەربارەکەت

از کتاب:
دیوانی حەمدی
اثر:
حمدی (1876-1936)
 3 دقیقه  635 مشاهده
ئەی وەتەن کوانێ نەسیمی سوبحی عەنبەربارەکەت
کوا گوڵی خەندان و کوانێ عەندەلیبی زارەکەت
قومریی سەرشین کە تۆقێکی لە ملدایە دەڵێ
کوانێ پەنجەی سەروی نازت بۆ لەبی جۆبارەکەت
کوا وەکوو ڕۆحانیان فیرقەی منەووەر تینەتان
بێنە سەیری مەزرەعەی ئومێدی ئەهلی شارەکەت
وەک لە مەحشەردا کە عالەم گوم بکا نامەی عەمەل
کوا لە مەیدانا گەڕانی کاسب و توججارەکەت
کوا ڕەگی ڕۆحی عموومی بۆ ختووتی تەلگراف
بۆیە ناگاتە دراوسێ بتکوژن هاوارەکەت
کوانێ شاگردانی مەکتەب بۆت بڵێن ئەم شەرقییە
ئەی وەتەن کوانێ نەمام و نەوگوڵی گوڵزارەکەت
وەک لە نەزعا بێ وەسییەت کا حەزینانە وتی
نیمە یارایی جەوابی جوملەیی گوفتارەکەت
هەر ئەمەندەت پێ دەڵێم ئەمما بە خەڵقی تۆ بڵێ
هەر لە یارت تا دەگاتە جوملەیی ئەغیارەکەت
شیرەکەم پێتان حەڵاڵە خوێنەکەم گەر گوم نەکەن
نامداران و حەمییەت کاری ئەولادی وەتەن
دەستی زاڵم کەوتم و نەمما هەوای گوڵعەنبەرم
گوڵ شکا بازاڕی خوێنی بولبولیش کەوتە سەرم
هەر کە تەوقی زاڵمی دی قومری ڕۆحی هەڵفڕی
سەروی بێ چارە وتی وا چاکە سوجدەی بۆ بەرم
ڕاکشاون میسلی ئەستێرە منەووەر تینەتان
تا بکەن ڕەجمی شەیاتینی لە پێچی مێزەرم
کاسب و توججاری بێچارە لە داخا مردوون
گەر بە دیققەت تێ بفکری ئێستە دەشتی مەحشەرم
شەرقی خوێنم جغد و تاری عەنکەبووتم تەلگراف
چەندە وێرانە بزانە شارەکەی ئاخر شەڕم
ئیستیلای ئەرزی دەکا سایەی میلەل لەم عەسرەدا
نیوەڕۆمە من کە نیمە تا بەری پێ سێبەرم
لێمگەڕێ توخوا ئیتر نیمە توانایی قسە
تۆ بڵێ ئەم وەسیەتە زووتر بە یار و یاوەرم
شیرەکەم پێتان حەڵاڵە خوێنەکەم گەر گوم نەکەن
نامداران و حەمییەت کاری ئەولادی وەتەن
وا لە نەزعا خەڵقە گوێ بگرن لە گوفتاری وەتەن
بۆم بکەن ئەم دەفعەیە ئێوە و خودا چاری وەتەن
ئەی تەبیب ئینکاری عیلم و فەننی تۆ خۆ ناکرێ
هەر بەیەک دەم بۆ چی ناکەی مەنعی ئازاری وەتەن
ڕەببی مووسایی بنێری جەننەتێ بوو وەک ئیرەم
دۆزەخی فیرعەونە ئێستا سەحنی گوڵزاری وەتەن
کوا درەفشی کاویانی کاوەیی بۆ چی نییە
مەغزی دەربێنێ لەسەر زوححاکی بیماری وەتەن
کوانێ ساحێب نەسرەتێ بۆ خەتمی کاری ناسری
بۆ خەتی مەنسووری باشە وەک قەڵەمداری وەتەن
کوانێ فارووقی نەژادێ ئیرسی خۆی بێنێتە جێ
تا لە چنگ بووجەهلی دەرکا دین و دیناری وەتەن
خوێنی ئەولادی سولەیمانە و غوباری پاکی جەد
ئەو قوڕ و ئاوەی کرایە سەرفی دیواری وەتەن
چاوی دیسان هەڵبڕی دووبارە لێوی کردەوە
دەنگ مەکەن توخوا بزانین چی دەڵێ یاری وەتەن
حەمدیتخلص مەعلوومە کە ساحێب غیرەت و میللییەتی
کەس نییە وەک تۆ بەرێ ئەم جارە هاواری وەتەن
شیرەکەم پێتان حەڵاڵە خوێنەکەم گەر گوم نەکەن
نامداران و حەمییەت کاری ئەولادی وەتەن