بەهـ بەهـ چ ڕۆژێکی نەوە
از کتاب:
دیوانی حەمدی
اثر:
حمدی (1876-1936)
2 دقیقه
866 مشاهده
بەهـ بەهـ چ ڕۆژێکی نەوە، هەی هەی چ عومرێکی نەوە
هەوا دەریایی پرتەوە، گوڵ بۆ چەمەن بەسەر ڕەوە
سەوزە جڵەوکێشی ئەوە، دنیا وەک باغی خوسرەوە
شیرینە جێی سەیرانەکەم، ئەمما بدەی جەژنانەکەم
سەحرا هەموو سەوز و سوورە، چەشمە مەنابیعی نوورە
گڵ وەک کلی کێوی توورە، نەغمەی نەسیمی سەمتوورە
زەمین بەهەشتی پڕ حوورە، عالەم غەمی لە دڵ دوورە
جارێ بدە جەژنانەکەم، ئەوسا وەرە سەیرانەکەم
گوڵزارێکە چ ڕەنگینە، دنیا سپی و سوور و شینە
لالە و وەنەوشە و نەسرینە، ڕەیحانە و مینا چین چینە
شەستپەڕ خەریکی پەرژینە، هەر ڕۆژی وا ڕۆژی ژینە
زوو کە بدە جەژنانەکەم، تێکی مەدە سەیرانەکەم
هێنایە لەنجە دەستی چڵ، وەک جامی بادە عەتر و گوڵ
عەرعەر تەقانی دەست و پل، سەما سەما ئەکا بە خول
نەی کەوتە خوێندنی بە دڵ، نابێ ببم زیاتر خەجڵ
زۆری بدەی جەژنانەکەم، خۆشی ئەکەم سەیرانەکەم
ئەووەڵی ڕۆژی بەهارە، هەوا پاک و میشکبارە
فەسڵی کەنار و جۆبارە، جامم لە نەشئەی سەر شارە
وەعدەی ویساڵی دڵدارە، هەر جارێکە و هەر ئەمجارە
بەسیە بدە جەژنانەکەم، بەڵکو بچمە سەیرانەکەم
تۆ ماهی و من ئەختەرت، تۆ شاهی و من ئەفسەرت
تۆ ئەهلی دڵ من دڵبەرت، تۆ یاری و من یاوەرت
تۆ ئاغای و من نۆکەرت، ڕۆحم بەسەر گەردی سەرت
کوانێ بدە جەژنانەکەم، ماتەڵ نەبێ سەیرانەکەم
گوڵ غەرقی ئاو و ڕەنگە، غونچە دەم و دڵ تەنگە
نێرگز گێژ و دەبەنگە، بولبول لەسەر ئاهەنگە
ڕۆژێکی شۆخ و شەنگە، لوتفێ بکە درەنگە
بێنە بدە جەژنانەکەم، بچم بۆ سەر سەیرانەکەم
قەدەح مەست بوو ڕشایەوە، عومر لە نوێ نووسرایەوە
گوڵ پێکەنی گەشایەوە، شەونم وەک من بەشایەوە
چرۆی درەخت ژیایەوە، غونچە دڵی کرایەوە
با بەس بڵێم جەژنانەکەم، زایەع نەبێ سەیرانەکەم
وەتەن غەرقی عیشوە و نازە، ئەلحەق لە ئەرزا مومتازە
قەلی شەلی ئەڵێی قازە، کەوی هەموو ئەڵێی بازە
بە قاعیدە ئەمەند شازە، وەختە بڵێم کە ئیعجازە
ڕۆیشتوون هاوڕێکانم، بدە پارە پڕ گیرفانم