زەمین ئاڕایشی خۆیداوە بۆتە ڕوومەتی دڵبەر
بۆ خاوەن شکۆ مەلیک فەیسەڵی یەکەم
از کتاب:
دیوانی حەمدی
اثر:
حمدی (1876-1936)
2 دقیقه
496 مشاهده
زەمین ئاڕایشی خۆیداوە بۆتە ڕوومەتی دڵبەر
بە ئاهستەی هەوا دەیکا دەماغی عالەمێ موعەتتەر
گوڵاڵەی ئاڵ و واڵا وا لە دەورەی بەزمی عالەمدا
لە شەونم پیاڵەیان پڕ کردووە وەک ساقیی کەوسەر
سەما هەر بۆ سەما ئەسبابی تاقەی شینی پۆشیوە
کەواکیب بۆ نیسارە هەڵدەڕێژن شوعلە وەک گەوهەر
وەکوو تاقی زەفەر زینەت دراوە کەهکەشان ئەمشەو
لە ڕەقسایە قەمەر هەروا جریوەی دێ وەکوو ئەختەر
چ شەوقێکە گڕی بەردایە خۆر ئاگر دەبارێنێ
هەور چەترێکی هەڵداوە لەسەر ئەم ئەرزە بۆ سێبەر
لە حیرەتدا وتم ئەم کائیناتە بۆ چی خۆی گۆڕی
بە هاوین ئەم زەمینە چۆنی دەرکرد سەبزە وەک مووی سەر
زەمین و ئاسمان کەوتوونە ئیستیرقابی تەنویرات
خەلا یەکبارە نوورە ناکرێ فەرقی مونەووەرتەر
تەقەی تۆپی سەلام و دەنگی موسیقا و دەهۆڵ یەککەوت
وەهامزانی سولێمانی ئەبێتە جەننەت و مەحشەر
کە گوێ ئەگرم بە جارێ هاتە هاتی کەوتە ئەم خەڵقە
کە هات چی تاجدارێ بەرق ئەدا جەبهەی میسالی خوەر
وتم کێیە ئەمە ئەم حیشمەتە لەم حەشرەدا وتیان
ئەمە شاهی عیراقە و ئەشرەفی ئەولادی پێغەمبەر
مەلیک زاتی جەلیل و ئەقدەسی فەیسەڵ کە مەعقوولە
بە شیرین عەبدی بێ خەسرەو ببێتە نۆکەری قەیسەر
شەهەنشاهێکە ئەیوانی بەرابەر تاقی کەیوانە
جیهاندارێکە دەرگاهی بەسەر بەحر و بەڕا نازیر
بەسەر عەرشی عیراقا هەر بمێنێ سایەیی عەدلی
هوما ئاسا لەسەر سەرمان خودایە ڕاگرێ شەهپەڕ
مەلیک وا عالیم و عادیل بە مەجمووعی خەسائیل بێ
فەخر نابێ بە زاتی ئەو نەکا تاج و نەکا ئەفسەر
لە ئەوسافی جەلالەت ڕامەدە حەمدیتخلص قەڵەم چونکە
بە توولە ئۆتۆمۆبێلی خەیاڵت نەک ببێ پەنچەر