بەهار
از کتاب:
            وەنەوشە
        اثر:
                محمدصدیق محمودی (1937-1990)
        
             1 دقیقه
             1789 مشاهده
        
        
    کوردینە موژدە، ئەوە بەهار هات
بزەی دێ لێوی ئامانج و ئاوات
بە بەرگی گوڵان پۆشراوە سارا
دەڵێی نۆ بووکە و لەبەریا خارا
نێرگس دڵۆپی شەونم لە دەوری
هەر دەڵێی چاوی دڵدارە و دەگری
ڕازاوە کێو و کەژ و چیا گشت
بە نەخشی جوانی سەرپەنجەی سروشت
گیان گەشێنەوە مێلاقەی سەر شاخ
جەرگی وەنەوشەی ڕەش کردوە بە داخ
ئەوە وەنەوشە لەگەڵ هەڵاڵە
بۆتاریفیان سوێسنە لاڵە!
خوڕەی هەڵدێر و چڕە وگوڕەی چەم
دادەڕنێ لە بەر دڵ بەرگی ماتەم
بە گەشیی گوڵی شۆخ و شەنگی چڵ
دڵی پڕتاسەی بولبول دێتە چڵ
دەڕژێنێ نەغمەی هاژەی بەفراوان
گرێی فرمێسکی شادی لە چاوان
شەماڵ دێ وموژدەی«بەهار هات» دێنێ
بەگوێی دەشت وچیای دا دەچرپێنێ
بە شنەی شەماڵ و بە جریوەی مەل
کەوتۆتە سەما گوڵاڵەی دەم کەل
دەتروسکێ کانیی سەرلێژ و هەوراز
لە پڕشنگێکی هەڵدەفڕێ سەد ڕاز