نیونیگای دڵداری
از کتاب:
وەنەوشە
اثر:
محمدصدیق محمودی (1937-1990)
2 دقیقه
1065 مشاهده
خوڕەی هەڵدێر، شمشاڵی شوان...
بۆ شیعری جوان ئیلهامی خوان
چەن بە سۆزن، چەن سیحراوین!!
لایلایەن بۆ کۆرپەی ئەوین
***
وەختێ کە هات نەورۆزی لاو...
زستانی خست لە بەندوباو
ئاسمان لە سوێی گوڵی گوڵشەن
زامی جەرگی دێتە تەشەن
***
گەلاوێژی ئاسمانی شین
بە پڕشنگی جوانی زێرین...
بە زەردەی لێو، بە پێکەنین
تین ئەخاتە دڵی ئەوین
***
دەمی بەیان شنەی شەماڵ
دڵی بێ تین دێنێتە حاڵ
وەنەوشەی کز لە نێو تەما
ئەخاتە ناو کۆڕی سەما
***
بە پشت پشتی قامکی سروشت،
کاتێ کە خۆر پڕشنگی ڕشت...
زەوی هەمووی چ دەشت چ کێو
بزەی زێوینی دێتە لێو
***
بە ئاهەنگی هەوری بەهار
فرمێسکی شادی دێتە خوار
لەچاوی ئاسمانەوە
بەموژدەیی ژیانەوە
***
باران زەوی دەخەمڵێنێ
دەشتێ هەزار بەهەشت دێنێ
خۆر، بەدیاری ئەدا بە کێو
گوڵی بزەی گوڵدانی لێو
***
لەکێو وتەل، دەشت و چیا
لەسەر پەڕەی گوڵ یا گیا...
چەن نەخشینە و چەن جوان، ئاونگ
کاتێ کە لێی ئەدا پڕشنگ!!
***
ورشە و تریفەی مانگەشەو
لە سووچی دڵ ئەدا پڕتەوە
ئەخاتە ناو ئاگری سوور
تاسە، مەیل، هەست و شوعوور
***
ئەوانە گشت ئەدان بە گیان
ژیان بەڵام کامیان ...متن نامشخص
وەک نیونیگای هی دڵدارین
ئاوا لە ناخی دڵ کارین؟!