مام ڕێوی
از کتاب:
وەنەوشە
اثر:
محمدصدیق محمودی (1937-1990)
2 دقیقه
1385 مشاهده
ڕۆژێ مام ڕێوی خوداوەندی فێڵ
دەگەڕا کۆنە هەوار وجێ خێڵ
بۆ لەتێ سیرمە و چەرمی کاڵە
بەرز ئەبوو لێیەوە گاڵە و ناڵە
لە نەکاو چاوی تەماداری خۆی
هەڵبڕی وهات لە دەروونی بۆ سۆی
دی قەلێ، کۆنە دزی دنیا دیو
ڕێ بڕی ژینی بە هەوراز و نشیو
وا لە سەر پۆپ و چڵۆکی سەر دار
نیشتووە چەندە بە فیز وبە دەمار!!
هەڵیگرتوە بە دنووک سەلکێ پەنیر
چاوی چۆ تەپڵی سەری ڕێوی فەقیر
خۆی بە خۆی کوت ئەرێ چبکەم لەقەلێ؟
چۆن وەدەس خەم لە قەل ئێستاکە هەلێ؟
چۆن بگەیێنمە پەنیرێ لەوسم؟
پێی بکووژێنمەوە ئاوری نەوسم؟
ڕووی لە قەل کرد و کوتی ئەی شاقەل
گورج و چالاکی بە باڵ و شاقەل
ئەی مەلی شۆخی بیابان و هەرد
ڕەنگ و ڕوو جوان وەکوو مینای بێ گەرد
بابی مردوی تۆ خودا بیبەخشێ
ئێستەکەش دەنگی لە بن گوێم دەخشێ
دەیچریکاند وەکو بازی کوێستان
لە هەموو شایەرێ باجی دەستان
خۆزگە تۆش هەر وەکو ئەو دەنگ خۆش بای
ژیر وپسپۆڕ و بەمێشک و هۆش بای!!
قەل کە وەی بیست لە دەمی مام ڕێوی
کوتی: شا ڕێوی!! بە کلکی خێوی
پێم دەڵێ من وەکو بابم نابم
کوانێ دەنگ خۆش بوو وەکوو من بابم؟
لێوی لێک کردەوە بۆ گۆرانی
بە فریو داخی گران دۆڕانی
کەوتە خوار سەلکە پەنیر هەر ئەو کات
ڕێوی گرتی بە دەمی و ڕۆی و هەڵات