لە ئافاقی ژیانی ناهومێدم خەندەکەی بایی

خەندەکەی بایی
از کتاب:
دیوانی دڵدار
اثر:
دلدار (1918-1948)
 3 دقیقه  1356 مشاهده
لە ئافاقی ژیانی ناهومێدم خەندەکەی بایی
فریشتەی پاکی هیوامی نیشان دام وا کە بیدوێنم
پڕیشکی تیشکی ئەستێرەی جوان ئیمشەو بە ئەسپایی
بە سۆزێ هاتە نێو کونجی دڵی تاریکی پڕ خوێنم
دەسا دەی مەسدەری هەستی
دە خێرا لادەری پەستی
وەرە تا من بە ڕازی تۆ نەمامی شادی بڕوێنم
جوانی خونچەیێ بوو وا کە پەنجەی ڕازی ڕاکێشای
دە سەیری چەند بە وەسڵی زوڵفی خاوت شاد و مەسروورە
لەڕووی ڕاستی ئەتۆش وەک ئەو گوڵێکی چیمەنی دنیای
کەچی تاجی دڵی هێشتا دڵت لەم حاڵە ڕەنجوورە
بە خەندەی نەرمی دڵپاکیت
ئەخوم سوێندێ بە ڕووناکیت
ئەگەر هەستێ بە ژین وا بێ لە جەرگی ڕاستیا دوورە
هەمووی نووری ژیانە فەیز و نووری ئاسمانی شین
هەموو چەپڵەی گوشادی لێ ئەدەن هەرچی کە ئەیبینی
لە سەر ئەم خاکە گەردێکین، دە ئێمەش ڕوو لە شادی بین
فەرامۆشی بکەین جارێ، چەژەی تاڵاوی غەمگینی
بە دڵ ڕوونی و ڕوو خۆشی
بە خەندە نەک بە خامۆشی
بنۆشین جامی دڵداری لەبەرکەین بەرگی نەمرینی
دە هەڵسە با بینا کەین مەعبەدی پیرۆزی دڵداری
لە تیشکی ڕۆژ لە شەوقی مانگ، لە ڕەنگی پەلکە ڕەنگینە
کە هەر کامەی بڵێی پاکە لە کردەی قودرەتی باری
نیشانەی کردگارێکە و بناغەی پەیڕەوی دینە
لە شوێنێ پڕ لە هەستی بێ
کەرستەی خۆشەویستی بێ
لە نێو ئەم باغە بێ جێگەی کە تۆم لێ دیت لە هاوینا
لە پەلکی تازە پشکوتووی نەژاکاوی گوڵی نەسرین
کراسێکی سپیی بێگەرد دروست کە شەنگ و دامەن شۆڕ
لەبەر کە و زوڵفی زێڕینت بەسەریا بێنە خوار چین چین
پەری تیم تیم، بە ڕاز و ناز، لە بۆت بێنن بنەوشەی مۆر
بە ئاوازو نەوا و تەسجیل
بهۆنن پێچەکەی ئیکلیل
ببەن کڕنوش، بڵێن: ئەی شۆخ، پەری زادەی گزنگی خۆر
ئەوا ئیکلیلی دڵسۆزی و دڵارامیت ئەکەین پێشکەش
کە هەر چەپکەی خەم و مل کەچ سروشتی نەجەوانێکە
نیگارێ بوو، بە ناکامی بە گریاوی، بە ئێش و نێش
لە ژین ڕۆیی ئەوێستاکە هەوێنی داستانێکە
بە یادی ئەو دڵەی تینوو
کە چۆن هات و وەهاش دەرچوو
بڕۆ ناو ئابدە و سەیری چە پیرۆز جاویدانێکە
وەرە نێو ئابدەت تا من لەبەر پێت دابدەم ئەژنۆ
لەبەر وەی نادڵارامی لەبەر وەی چونکە باڵایی
خودای شیعر و پەری هیوای بڵێسەی هەستی بەرزی تۆ
هەواڵی هاوڕەگ و خوێنی فرشتەی شۆخی میدیایی
لە ڕووی چاکە و وەفاداری
بە یادی جامی دڵداری
لە مەستی خۆشی بمهێڵی دروشمی خەندەکەی بایی