وێڵ و فیراری عیشقی تۆم شەهر بە شەهر و سوو بە سوو

از کتاب:
دیوانی سالم
اثر:
سالم (1800-1866)
 1 دقیقه  979 مشاهده
وێڵ و فیراری عیشقی تۆم، شەهر بە شەهر و سوو بە سوو
پوشتە بە پوشتە، تەل بە تەل، دەشت بە دەشت و کوو بە کوو
قەیدە لە گەردنی دڵم زوڵفی سیاهی پڕ خەمت
حەلقە بە حەلقە چین بە چین عوقدە بە عوقدە موو بە موو
تەنگدەهانی دڵبەرم حەسرەتی دا بە گوڵڕوخان
وا دڵی غونچە بوو بە خوێن پەردە بە پەردە توو بە توو
کەوتە کەناری مڵکی ڕۆم جۆششی ئەشک و مەوجی خوێن
سەیل بە سەیل و شەت بە شەت، دەجلە بە دەجلە جوو بە جوو
چەرخی زەمانە کەی دەدا بەزمی ویساڵی یار و من
بۆسە بە بۆسە لەب بە لەب دیدە بە دیدە ڕوو بە ڕوو
نەفحە بدا لە عەتری زوڵف لەو دەمە بۆ دەماغی خوشک
تەپڵە بە تەپڵە موشک بە موشک نافە بە نافە بوو بە بوو
خەرمەنی سالمتخلصی فەقیر سووختەیە بە ناری عیشق
خووشە بە خووشە گوڵ بە گوڵ دانە بە دانە جوو بە جوو