هۆ کاکی شوان گوێم لێیە لەو بن دارە

من و شوانێک
از کتاب:
دیوانی بەختیار زێوەر
اثر:
فایق زیور (1908-1952)
 2 دقیقه  1291 مشاهده
هۆ کاکی شوان گوێم لێیە لەو بن دارە
ئەوی ئەیڵێیت نایڵێیتەوە دووبارە
بەو ئاوازەت مێگەلەکەت سەرخۆشن
سەرمەست ئەڕۆن ئەلەوەڕێن بەجۆشن
گۆرانییەکەت دڵداریم ئەجووڵێنێ
لەرەی دەنگت تاسەی دووریم بۆ دێنێ
خۆزگەم بە خۆت کە لە شارستان دووری
سەربەست و دڵپاک و شاد و ڕوو سووری
دیارە پەنجەی گەردوون لە عاستت کۆڵە
بۆ خۆت جێگات نزار و شاخ و دۆڵە
بەڵام بۆ ئێمە پەنجەی وا درێژە
لەتاو دەردی سەری ئەو سەرمان گێژە
جار جار سەرمان ئەباتە ژووری ئاسمان
کەچی ناکاو ئمانخاتە ناو زیندان
بە کەیفی خۆی ئەمانگێڕێ بە عەردا
کەس ناتوانێ نەڕوا و شەقامی بەردا
جیهانی لێ کردووین بە کۆشکی ڕەنگین
ژیانی بۆ کردووین بە شانەی هەنگوین
هەموو لە دوویان وێڵ و سەرگەردانین
تامی تامیمان ئەدا و پێ نازانین
منیش هەروا بۆ شوێن ئاواتی گوڵگوون
سەرمی جەنجاڵ کردووە خولیای گەردوون
لە بەدبەختیدا کەوتوومە کۆتەڵکۆ
لە دڵ پەستیمە وا هاتوومە لای تۆ
ئێنستاش تکام ئەمەیە برای گیانی
پشوویەک بە لە ئاهەنگی گۆرانی
بەڵام ئینجا شمشاڵەکەت دەربێنە
فووی پیا کە ومامۆستایی خۆت بنوێنە
دەنگی شمشاڵ وەکوو وژەی بای گوڵزار
تەفر و توونای ئەکا پەستیی دڵی زار
دەنگی شمشاڵ مۆسیقای کوردستانە
کە گوێی لێ بگرم بۆ دەردم دەرمانە
ئەی کاکی شوان ئێجگار دەروون زوخاڵم
چاوەڕێی دەنگێکی بەرزی شمشاڵم
لەو ئاهەنگەی کە مەل ڕابوەستێنێ
لافاوی شادیش بۆ هەستیم هەستێنێ
بەزمێک لێدە پەستیی ژیان و گەردوون
لەناو دڵما ببا بڕوات سەرنگوون
کاکەی گیانی توخوا وا چاوەڕوانم
قوربانت بم زووکە منیش میوانم