لە کوێی ئەی شادمانی ئەی هیوای بەرزی ژیانی دڵ

از کتاب:
دیوانی بەختیار زێوەر
اثر:
فایق زیور (1908-1952)
 2 دقیقه  481 مشاهده
لە کوێی ئەی شادمانی ئەی هیوای بەرزی ژیانی دڵ
لە کوێی ئەی تاقە ئەستێرەی بەیانی کامەرانی دڵ
لە باخێکا هەتا چاو بڕ ئەکا گوڵ چەتری هەڵدابێ
لە ناوەندی گوڵا چەند دلبەری پڕ عیشوە وەستابێ
بە بەزم و ڕەزمەوە زۆر کەس لەوێدا مەست و شەیدا بێ
کە ئەڕوانم دڵم هەر پەستە نەشئەی تیا پەیا نابێ
لە کوێی ئەی شادمانی ئەی هیوای بەرزی ژیانی من
لە کوێی ئەی تاقە ئەستێرەی بەیانی کامەرانی من
گەلێ جار وا ئەکەومە گێژەوە خۆم ڕێ بە خۆم نابەم
ئەڵێم با مەینەتی دنیا بە جامێ مەی لە دڵ لابەم
لە کاتێکا کە وا سەرمەستی نۆشی ئەو مەیی نابەم
کەچی دەردی دڵم زیاتر ئەبێ بۆ کوێوە هانا بەم
لە کوێی ئەی شادمانی ئەی هیوای بەرزی ژیانی دڵ
لە کوێی ئەی تاقە ئەستێرەی بەیانی کامەرانی دڵ
لەلای من وا بووە تا ئێستە واشی تێ ئەگەم جارێ
لە سیمای دڵبەران با چەشنی مانگ بێ شادی نابارێ
بە پارەش نایەتە بەرهەم لە دڵ دەرکردنی خارێ
بەڵام گەر بەختیار بیت شادمانیت دێتە ئاقارێ
لە کوێی ئەی بەختیاری تۆی دەوای دەردی ژیانی من
لە کوێی ئەی تاقە ئەستێرەی بەیانی کامەرانی من
لەلای من بەختیاری چووەتە ناو پرشنگی ئازادی
لە هەرجێ دەرکەوێ نامێنێ بەدبەختی و بێدادی
ئەوی بچنێتەوە پرشنگی ئازادی، بڕە شادی
لە دەس پەستی زەمان و زۆری بێگانە نییە دادی
لە کوێی ئەی ڕۆژی ئازادی ئەتۆی نووری وڵاتی من
لە کوێی چاوت هەڵێنە بۆ ژیان و بۆ حەیاتی من
لە کوێی وا چاوەڕوانم ڕوو لە خاکی نیشتمانم کەی
بە تیشکی بەختیاریت چارەی زامی نیهانم کەی
لە قووڵکەی پەستییا ڕام کێشە دەربەستی ژیانم کەی
هیوای دواڕۆژ و هەستی پڕ لە کەللە و ناخی گیانم کەی
لە کوێی ئەی عیلم و عیرفان چونکە هەرتۆی نوور و هاتی من
دەسا چاوت هەڵێنە بۆ ژیان و بۆ نەجاتی من