لە بێشەڵانی سەر لووتکەی شاخێ
وا بزانم خەو بوو
از کتاب:
دیوانی بەختیار زێوەر
اثر:
فایق زیور (1908-1952)
2 دقیقه
786 مشاهده
لە بێشەڵانی سەر لووتکەی شاخێ
لە شادی هەڵمدابوو بەیداخێ
جێیەک بوو کۆنە ئێڵاخی شاهان
ئاوەڵی هەوری بەرزی ئاسمان
ئاوی وەک چاوی قرژاڵ ڕووناک بوو
دەرمانی دڵی تەنگ و غەمناک بوو
بریسک و هوڕڕی هەروەک مرواری
بەنرخ بوو بەڵام کەم بوو کڕیاری
بۆنی کەنێرە و گوڵەبەڕۆنە
هەنگی کێش ئەکرد لە دوور بەو بۆنە
بەیان لە دەنگی مەلی ناو نزار
لە خەو هەڵئەستام گوێم ئەگرت زۆر جار
نە ساز و سەمتوور نە عوود و کەمان
خۆشییەکی وای نەئەدا بە گیان
بای شەماڵ فێنک ئەهات بەرەو ڕووم
زۆر بۆنی خۆشی ئەسوو لە کەپووم
لە دامێنەوە چەم و چغورد بوو
ڕێبازی جاف و گۆران و کورد بوو
جگە لەوانەش کە مانگ هەڵ ئەهات
بە پرشنگی نوور ئەیکردم خەڵات
سەرم بە وێنەی قوتووی وێنەگر
ئەو دیمەنانەی ئەگرت کوتوپڕ
لەناو شۆراوی قوڵکەی چاومدا
ئەیشتنەوانێ تا خۆی دەرئەدا
بە شەو یەک بە یەک ئەیخستە بەرچاو
شەویش بەوانە دڵ ئەکەوتە داو
لەوێ بەتەنیا کە دوورە شار بووم
بۆ خۆم ئاسوودە زۆر بەختیار بووم
ڕۆژێک کە ڕوانیم کچێک چواردە ساڵ
هاتە لام دانیشت بۆم بوو بە ئاواڵ
بە قسەی شیرین بە عیشوەداری
خستمیە گێژی دەریای دڵداری
دوو هاوڕێی دۆست و دوو یاری گیانی
کەوتینە سەیران بە شادمانی
دڵپاک بێ کینە لە گوڵ ڕەنگین تر
ڕەوشتی لە خۆی زیاتر شیرینتر
بە شۆخوشەنگی بە چاوی بادام
دڵەی هەژار و بێ هۆشی بادام
بەڵێ لەپێشا هەرچەند تەنیا بووم
بە ڕاستی خاوەن سەیر و سەفا بووم
کە ئەو هات ئێجگار دڵشادی کردم
لە تەنیایی ژین ئازادی کردم
بە شەو دائەنیشت لە ژوور سەرینم
خوا خوام بوو نەڕوا یاری شیرینم
بەیانێک بێ من ڕووی کردە ناودێ
هەر چاوەڕوان بووم بێتەوە لەوێ
بەڵام ڕۆژ ڕابوورد شەوی سەختم بوو
بە شەو هەر دەنگی پەپووی بەختم بوو
نەگەڕایەوە گیانی شیرینم
سەری خۆم هەڵگرت بچم بیوێنم
ئەمە چەند ساڵە بۆی سەرگەردانم
لە کوردستانا وێڵی شارانم
نازانم چووەتە کام دێ کام هەوار
چۆن منی جێ هێشت بە ئێش و ئازار
تۆ بڵێی یاران بۆ جارێکی تر
یەک بگرینەوە هەردوو کوتوپڕ
بەڵام داخەکەم خەتا هی ئەو بوو
نایبینمەوە وا بزانم خەو بوو