گریمان پارەت هەزار کلوور بێ

گریمان
از کتاب:
دیوانی بەختیار زێوەر
اثر:
فایق زیور (1908-1952)
 2 دقیقه  414 مشاهده
گریمان پارەت هەزار کلوور بێ
شەو لە ژوور سەرت ساز و سەمتوور بێ
بە ڕۆژ دیوانت پڕ زەرد و سوور بێ
هاوڕێی ژیانت بەگ و مەئموور بێ
گیانەکەم ئەگەر خۆت بێ قیمەت بی
نرخێکی نییە خاوەن سەروەت بی
گریمان ئەمڕۆ مەردی مەیدان بی
خاوەنی نان و خوانی دیوان بی
پیاوێکی بۆشناخ زۆر قسەزان بی
شارەزای قانوون شیرینزوبان بی
ئەگەر دەروونت پاک نەبێ تەواو
ئەمانە هەستیت ناگۆڕن تەواو
گریمان هەموو ئەورووپا چووبی
گەلێک ڕەوشت و زانین فێر بووبی
بە وردبوونەوە وەک ئەرەستوو بی
بە دەم بۆ وڵات پڕ ئارەزوو بی
کە قازانجی خۆت پێش خست لە هی گەل
ئەزانرێ دزی و ئەگەڕێی بۆ هەل
گریمان کاسب یا دووکاندار بی
خەریکی سەودا و جوابی کڕیار بی
بە دیمەن چاک و پاک و هەژار بی
بۆ نوێژ و ڕۆژوو ئێجگار بەکار بی
ئەگەر کەوتیتە فێڵ و دەسبڕین
لە تۆ چاکترە ڕێگری بێ دین
گیانەکەم هەر کەس ڕاست و ڕەوان بێ
بە کردار دەرخا نیازی جوان بێ
دڵسۆزی من و تۆ و نیشتمان بێ
حەز ئەکا کوڕی سەپان و شوان بێ
ئەو کەسە ڕۆڵەی کوردی هەژارە
با تۆش نەیناسی وەکوو ڕۆژ دیارە