نابەزین

از کتاب:
شیعرەکانی کامەران موکری لە ڕۆژنامەکاندا
اثر:
کامران مکری (1929-1986)
 3 دقیقه  1259 مشاهده
بیکەرەوە دەرگای ڕەشی زیندانت
دابڕێژە کۆتی قورسی گرانت
شوورە بکێشە لە پەنجە و بازوو
لەناو خوێناوا شوورەکەت هەڵچوو
با بۆم شەپۆل دات تاریکیی مەنگت
ئەی زنجیر با بێت لە پێما دەنگت
با بێت قامچی و دار بەن لە تەختی پشت
بە فەن ئەو گۆشتەم بۆ بکەن بڕشت
کوا قامچی کوا دار کوا زڕەی زنجیر؟
کوا خوێن کوا سزا کوا نرکەی ئەسیر؟
سزام دەن، سزا، پڕ ژان و ئازار
نابیستن ئاهێک، ناڵەیەک، هاوار
دەستان هەڵمگرن چی لە بارتانە
درێغی نەکەن لەو سزدانە
نەفیم کەن بۆ دوور بۆ سەحرای بێ پەی
بێ ئاو و سێبەر بێ هەور و نرکەی
هەر دە پەنجەکەی پێم هەڵوەرێنن
لە دارکاریما قەت دامەمێنن
لە تەختی پشت و ڕوومەتی زەردم
بۆم دابتاشن دوو کێل و بەردم
لەسەر تاتەشۆر بە خوێناوی خۆم
لێمگەڕێ بێ هەست تا خۆم خۆم ئەشۆم
لە پێستی ژێر پێم هی پشتی دەستم
کفن هەڵدڕن بە تاوی هەستم
***
وازکە دەروازەی ڕەشی زیندانت
قوڕ بەسەر خۆت و خزمەتکارانت
بە پشکۆی ئاگر ڕوومەتم بە داخ
ونجڕ کەن وێنەی نەقشی سەر بەیاخ
سنگم شەقار کەن نەک سنگی بێ خەم
لەت و پەتم کەن هێشتا کۆڵ نادەم
کۆڵ نادەم ئەبەد هەتاکوو مەرگم
ئەبم بەقوربان گەلی بێ بەرگم
قامچی کوای لە کوێی پشتی زامدارم
پێت ئەڵێ ڕووڕەش ناڵێم «بێزارم»
مەچەک کەلەپچەی بەزان بە جارێ
ئەگەرچی خوێنی پیا دێتە خوارێ
پێ، پێوەندەکەت دائەڕزێنێ
گەردن تەوقەکەت هەر ئەپسێنێ
دەلاقەی زامم قەبری ستەمکار
جێ داری لێدان فەخرە بۆ هەژار
ئێمە دوژمنی دیل و کوڕنووشین
زیندانی تارت هەر هەڵئەلووشین
باوەڕ بەهێزتر لە دار و ئاسن
لە سێدارەتان بەهێزتر گەردن
ئەتکەین بە قوربان پێی کڕێشاوی
ڕەنجبەری برسی پەنجە خوێناوی
ژیان ببێتە کۆڕی ئاگرین
دنیا وەرگەڕێ ئێمە نابەزین
لە ناو قەفقەنی زنجیری زۆردار
قەڵای دوا ڕۆژین، مردن بۆ زۆردار
لە چاوی دایکا دڵۆپێکی سوور
لەناویا شێوە و دیمەنی جەسوور
ڕۆژ، دوا ڕۆژ ماچی ئەکا لێوی کەل
ئەیکا بە قەقنەس مڵۆزمی گەل
ئەو خوێنەی کانیی دڵ هەڵیئەدا
نەخشی ئەکێشێ ئازادیی تیادا
سەیرکەن ئەوا دڕندەی کۆڵدان
وا تاسا لەژێر پێی قارەمانان
وازکە دەروازەی ڕەشی زیندانت
دواڕۆژ بێسوودە ناڵە و گریانت