لایلایەی ئەمڕۆ
از کتاب:
شیعرەکانی کامەران موکری لە ڕۆژنامەکاندا
اثر:
کامران مکری (1929-1986)
2 دقیقه
1102 مشاهده
کۆرپەی شیرینم بێرە کۆش
ڕۆڵەی بە شیر مەست و سەرخۆش
بێ بنۆشە تۆ پڕ بە دەم
بادەی ژیانت کۆرپەکەم
بێ نێرگسەجاڕی بەهار
بێ چاوگەشم، بێ قۆچکە لار
بێ ناو دەمت با هەڵمژم
بێ دەم بە دەم با بیمژم
ڕوومەت گوڵی چەناگە گوڵ
باڵندەی جوانی لانەی دڵ
لەو ڕۆژەوە من مناڵ بووم
هەر بەرەو بوونی تۆ ئەچووم
بەری دڵم مایەی ژیان
بەخشندەی زەردەی سەر دەمان
بەندی جگەر خۆشی بەسەر
بەنرخ و فەڕ ئەی بێ زەرەر
بێ نووری هەردوو چاوەکەم
بێ دیدە مەستی نوقڵە دەم
ناتدەم بە کەس پیاوی ناکەس
بێهەست و سوود و بێدەربەس
بدا بە کوشت بۆ زیو و زەڕ
بیت بە خۆراکی خوانی شەڕ
ئەی کۆتری سپیی جوانم
ئەی لەرەی لەحنی ڕەوانم
تۆ دۆستی گشت مناڵانی
ڕەش بی و سپی، برایانی
دواڕۆژی ڕووناک و خۆشە
چاو لە دوژمنت مەپۆشە
وریا بە دەستەی سەرمایە
نەیشێوێنن ئەم دنیایە
نەیکەن بە کڵپەی سووتێنەر
تیا بسووتێت ڕۆڵەی بەشەر
جوانی مانگی بریسکەدار
ڕەنگی گوڵی ناو لالەزار
شنەی شەماڵ لەرەی لقان
چاوەندازی شیرین و جوان
بێ تۆ شێوەی شین و زاران
بێ تۆ ژن و پیاو بێزارن
تۆی تریفەی مانگی دەم کەل
تۆی ئاواز و جریوەی مەل
تۆی ئۆخەیی دڵ خۆزگەی بە کوڵ
تۆی ڕەنگی گوڵ تۆی بۆنی گوڵ
ناتکم بە ئاگری بەتین
بسووتێنیت خەرمانی ژین
ناتکەم بە نووکی شیر و تیر
ناتکەم بە پێوەند و زنجیر
هەموو کۆرپەی هەموو کەسان
نازدارن بۆ دڵی ئینسان
دەست لە خوێناوا سوور نەکەی
بۆ شەڕ گێڕان خزمەت نەکەی
ئەتکەم بە قوربانی هیوا
هیوای گەلی پتەو، بڕوا
ئەتکەم بە بەردەبازی ڕێ
میللەت پێت بە سەرا بنێ
بە ئاشتی کۆرپەم، ڕۆڵەکەم
تا دواڕۆژ پەروەردەت ئەکەم