پەیژەی سوور

از کتاب:
زەبری هۆنراوە
اثر:
کامران مکری (1929-1986)
 2 دقیقه  929 مشاهده
لە نێرگزی زەردەخەنەی ناز پژێن
لە سەرنجی شەرم ڕێژی دڵبزوێن
لە ڕێحانەی باخی گۆنای ئاڵ و گوش
لە مانگی ڕوو، تریفەی سنگ، چاوی ڕەش
لە ئاوازی وتووێژی کچی شەنگ
چپەی نیان، نیگای گەش و ڕەنگاوڕەنگ
لە شەپۆلی لەرەی بەژنی شل و مل
لەنجەی نەرم ناسکیی کەمەری شل
لەم جوانییانە لەم تاسە و دیمەنانە
لە ئارام و لە کامی ئەم ژیانە
لە گشت هیوا و خۆشییەک «بێبەری بوو»
گیانێکی نوێی کردە بەری هەست و بوون
زەردەخەنەی مناڵەکانی پروان
گوڵی کامی دەروونی خۆی هەڵوەران
بەسەر پلەی پەیژەی سوورا هەڵزنا
کەوتە دووان لەگەڵ گڕ و ئاسنا
وای لە خۆی کرد کە هەست نەکا ئاواتی
هەبێ زیاتر لە ڕزگاریی وڵاتی
لە خۆی گەیان کە گیانێکە و هیچی تر
بە هێزەوە لە ئاسن و لە ئاگر
بەمشێوەیە کوڕی ئازای شۆخ و شەنگ
چنگی گیر کرد لە گەردنی شەوەزەنگ
شەهیدی گەل، بوو بە هەور لە ئاسمان
خوێنی گەشی بەسەر خاکا ئەباران
چاوی دایکی هەمیشە کاسەی ئەسرین
کەسوکاری و سەنگەر و کەژ بۆی ئەگرین
کەچی ئێوە کە هەر دەمن بەتەنیا
شەرمێ ناکەن لە پەڵەی خوێنی چیا
سەنگەرەکان ئەگرین بۆ قارەمانان
ئەوان گیان بوو پارە نەبوو بەخشییان
ناویان نەما گوڵی ناویان وەرانن
پەڕەی یادی ئاگرینتان سووتانن
مەگەر هەر من ناوی شەهیدانی کورد
جار جار بێنم بە سۆزی هۆنراوەی ورد